پەیامی کورد... لە سووریا هێرش کرایە سەر بنکەیەکی ئەمریکا
هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژ ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش ڕایدەگەیەنێت، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا هێرش کرایە سەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمریکا.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 7-4-2022، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تویتەر)، ڕایگەیاندووە: سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هێرش کراوەتە سەر گوندی سەوز (حەقلی نەوتیی ئەلعومەر) لە پارێزگای دێرەزوور لە سووریا.
بەهۆی هێرشەکەوە کە ئاشکرا نەکراوە بە چی کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا، دوو سەربازی ئەمریکی بریندار بوون.
پێشتر سەرچاوە میدیاییەکان ئاماژەیان بەوە کردبوو، کە چەند تەقینەوەیەک لە بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە کێڵگەی نەوتیی ئەلعومەر ڕوویان داوە.
ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردبوو، هێرشەکە بە مووشەک لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە کۆماری ئیسلامیی ئێران کراوەتە سەر بنکە سەربازییەکەی ئەمریکا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە