پەیامی کورد... لە چوار مانگدا ٦٧١ هەزار و ١٤٦ گەشتیار سەردانی هەولێریان کردووە
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: ئامادەسازییان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا و میوانخانە و چێشتخانەکان کراوە دەبن و چاودێریی نرخ و خزمەتگوزارییەکانیان دەکەن.
ڕاشیگەیاندوە، لە چوارچێوەی پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ بایەخدانی زیاتر بەسێکتەری گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان، ژمارەی گەشتیارانی بیانی و عێراقی زیادی کردووە و چاوەڕێ دەکرێت لە ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزاندا ژمارەیەکی زۆر گەشتیار سەردانی کوردستان بکەن، تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێردا لە چوار مانگی ئەمساڵدا ٦٧١ هەزار و ١٤٦ گەشتیار سەردانیان کردووە، لەو ژمارەیەش نزیکەی ١٠٠ هەزاریان گەشتیاری بیانین و ئەوانی دیکە گەشتیارانی عەرەبن و لە پارێزگا و شوێنە جیاوازەکانی عێراقەوە هاتوون، هاوکات بۆ ئەم جەژنەش دامودەزگەکانی گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستاندا بە باشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیاران دەکەن.
لەوبارەیەشەوە ئیسماعیل مینەخان بەڕێوەبەری گشتی گەشتوگوزاری هەولێر ڕایگەیاندوە، بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر پێشوازی لە گەشتیاران بکەن، لەم جەژنەدا چەندین ڕێکاری گرنگ و پێویست دەگرنە بەر وەک دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری و چاودێریکردنی میوانخانەکان و چێشتخانەکان بۆ دڵنیابوونەوە لە کردنەوەی ڕێستۆرانتەکان بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیارانی ناوخۆ و بیانی.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە