پەیامی کورد... لە تانجەرۆ شوێنەوارێک دۆزرایەوە بۆ 2500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە
لە سنووری ناحیەی تانجەرۆ شوێنەوارێکی مێژوویی دۆزرایەوە کە بۆ زیاتر لە 2 هەزار و 500 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.
پەیجی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردووەتەوە، دوای هەفتەیەک کنە و پشکنین، تیمێکی هاوبەشی شوێنەواری سلێمانی و زانکۆی چوبۆ، شوێنەوارێکی گرنگیان لە گردی یاسین تەپەی سنووری ناحیەی تانجەرۆ دۆزییەوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زیاتر لە 2500 پێش زایین.
ئەوەش هاتووە، کاری کنە و پشکنین لە شوێنەوارەکەدا بە هاوبەشی هەر دوو شوێنەوارناس و شارەزایانی بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری سلێمانی و تیمی زانکۆی چوبۆی ژاپۆنی بە سەرۆکایەتیی پڕۆفیسۆر "شین نیشیاما" بەڕێوەدەچێت.
لای خۆیەوە د. هەڤاڵ ئەبووبەکر پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە، کارکردنی تیمەکان لە ماوەی هەفتەیەکدا، بەرهەمی زۆر باشی هەبووە و شتی دەگمەن و گرنگ لە شوێنەوارەکەدا دۆزراونەتەوە کە هاوشێوەیان لە عێراق و کوردستاندا نییە.
بەپێی زانیارییەکان، مێژووی شوێنەوارەکە لە سەردەمی چاخی بەردینی نوێوە دەست پێدەکات تاوەکوو سەردەمی ئیسلامی، کە تێیدا پاشماوەی بینا و کۆڵان و شوێنی ناشتنی مردووان دەرکەوتووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە