نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ سه‌رۆكى (UNITAD) ده‌کات

نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ سه‌رۆكى (UNITAD) ده‌کات

پەیامی کورد     ...     نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ سه‌رۆكى (UNITAD) ده‌کات .

نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2021/4/19  نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ كه‌ریم خان ڕاوێژكارى تایبه‌ت و سه‌رۆكى تیمى نێوده‌وڵه‌تی سه‌ر به‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ تاوانه‌كانى داعش (UNITAD) كرد كه‌ بۆ ماڵئاوایى به‌بۆنه‌ى كۆتاییهاتنى ئه‌ركییه‌وه‌، سه‌ردانى به‌ڕێزیانى كردبوو.

له‌ دیدارێكدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى وێڕاى سوپاس و ده‌ستخۆشى بۆ ئه‌و خزمه‌ته‌ى له‌ ماوه‌ى‌ ئه‌ركه‌كه‌یدا پێشكه‌شى كردووه‌، پێزانینى بۆ هه‌وڵه‌كانى له‌ كۆكردنه‌وه‌ى به‌ڵگه‌كانى كردار و تاوانه‌كانى داعش‌ و به‌دواداچوونیان دووپات كرده‌وه‌ و هیواى سه‌ركه‌وتنى له‌ ئه‌رك و كارى تازه‌یدا بۆ خواست كه‌ وه‌ك داواكارى گشتیى نوێى دادگاى نێوده‌وڵه‌تی تاوان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

لاى خۆیه‌وە كه‌ریم خان سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ په‌رۆشی سه‌رۆک نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌دیهێنانی دادوه‌ری، هه‌روه‌ها بۆ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگی لایه‌ن و دامه‌زراوه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌ربڕى كه‌ له‌ ماوه‌ى كاركردنیدا له‌سه‌ر كه‌یسى لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌دواداچوونى تاوانه‌كانى داعش پێشكه‌ش به‌ خۆى و تیمه‌كه‌ى كراوه‌ و هیواى خواست ئه‌نجامى كار و ئه‌ركیان به‌ سزادانى تاوانباران و به‌دیهاتنى دادوه‌رى بۆ قوربانیان بگاته‌ ئه‌نجام.

هه‌ردوولا هاوڕا بوون که‌ دادگاییکردنی تاوانباران په‌یامێکی به‌هێزه‌ بۆ هه‌موو تاوانباران له‌ هه‌ر کوێیه‌ک بن بۆ ئه‌وه‌ش بوونی یاسایه‌کیان بۆ دادگاییکردن له‌ عێراق و هه‌رێمی کوردستان به‌ پێویست زانی، هه‌روه‌ها جه‌ختیان کرده‌وه‌ که‌ قوربانیان له‌ هه‌موو پێکهاته‌کان به‌ ئێزدی و مه‌سیحی و هه‌مووانی دیکه‌وه‌، چاوه‌ڕێی به‌دیهاتنی دادوه‌رین، نیگه‌رانیی خۆیشیان نیشان دا که‌ هێشتا مه‌ترسی و ژینگه‌ی بڵاوبوونه‌وه‌ی توندڕه‌وی هه‌یه‌ و ده‌بێ له‌ڕووی په‌روه‌رده‌یی و کولتوورییه‌وه‌ کاری جددی له‌سه‌ر بکرێت.

دوایین هه‌نگاوه‌كانى كار و ئه‌ركى (UNITAD)، نووسینگه‌یه‌کی یوونیتاد له‌ هه‌ولێر که‌ بڕیاره‌ سبه‌ی بکرێته‌وه‌، دۆخى قوربانییان و ڕزگاربووانى ده‌ستى داعش به‌تایبه‌تى خوشك و برایانى ئێزدى، گرینگی هاریكارى و پشتگیری حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵى عێراق بۆ سه‌ركه‌وتنى كار و ئه‌ركى تیمه‌كه‌ و جێگره‌وه‌که‌ی، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه‌ بوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە