پەیامی کورد... ڕووسیا مووشەکێکی خێراتر لە دەنگ نمایش دەکات
ئامانجەکەی لە دووریی هەزار کیلۆمەتر «بە سەرکەوتوویی» پێکاوە
سوپای ڕووسیا ڕایدەگەیەنێت، بە سەرکەوتوویی تاقیکردنەوەیەکی نوێی مووشەکی کروزی خێراتر لە دەنگی لە جۆری «زیرکۆن» ئەنجامداوە، لەکاتێکدا مۆسکۆ هێرشەکانی بۆسەر ئۆکراینا زیادکردووە.
وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، مووشەکی زیرکۆن لە کەشتیگەلی ئەمیڕاڵ گۆرشکۆف لە دەریای بارنتس بە ئاراستەی ئامانجێک لە ئاوەکانی دەریای سپی لە ناوچەی جەمسەری باکوور هەڵدراوە.
ئاشکرایکرد، ئامانجەکە کە لە دووریی هەزار کیلۆمەتردا بووە «بە سەرکەوتوویی پێکراوە».
بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە هەڵدانەکە لە چێوەی «تاقیکردنەوە چەکی نوێ» ی ڕووسیدا بووە.
یەکەم مووشەکی «زیرکۆن» لە تشرینی یەکەمی 2020 هەڵدرا، ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا ئەوکات بە «ڕووداوێکی گەورە» ناویبرد.
بڕیارە کەشتی و ژێرئاوگەڕەکانی سەر بە هێزیی دەریایی ڕووسیا بە مووشەکی «زیرکۆن» پڕچەکبکرێن کە مەوداکەی لانی کەم هەزار کیلۆمەترە.
پاش دەستپێکردنی شەڕی ڕووسیا بۆسەر ئۆکراینا لە 24ی شوباتی ڕابردوو، مۆسکۆ لە مانگی دواتردا ڕایگەیاند، مووشەکی خێراتر لە دەنگی لە جۆری «کینگال» دژ بە ئامانجەکان لە ئۆکراینا بەکارهێناوە، باوەڕوایە یەکەم تاقیکردنەوەی ئەو جۆرە مووشەکانە بووبێت لە شەڕەکاندا و پێشتر تەنیا لە تاقیکردنەوەدا هەڵدراون.
مووشەکەکانی کینگال و زیرکۆن لە کۆمەڵەی ئەو چەکە نوێیانەن کە ڕووسیا پەرەیپێداون و پوتین وایناودەبات کە «نابەزێندرێن».
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە