پەیامی کورد ... بزووتنەوەی گۆڕان دەورەیەکی چەند ڕۆژی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان ڕێکدەخات
ئەندامێکی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، شاندێکی باڵای گۆڕان کە لەلایەن رێکخەری گشتی یەوە سەرپەرشتی دەکرێت رۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیە لەگەڵ پارتی، یەکێتی، کۆمەڵ و یەکگرتوودا کۆدەبێتەوە، دۆخی ئێستای هەرێم، قەیرانی دارایی، پرسی مووچە و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا تەوەری کۆبوونەوەکانی گۆڕان و لایەنەکان دەبن.
شەماڵ عەبدۆلوەفا، ئەندامی خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، "ئەمڕۆ شاندی باڵای بزووتنەوەی گۆڕان بە سەرپەرشتی عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتی گۆڕان لەگەڵ شاندی باڵای یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆدەبێتەوە، سبەی دووشەممە لەگەڵ سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان کۆدەبێتەوە، هەروەها رۆژی چوارشەممە لەگەڵ یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کۆدەبێتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد، دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان، پرسی دارایی و مووچەی فەرمانبەران، پرسی بۆردومانەکانی تورکیا و تۆپبارانی ئێران بۆ سەر سنوورەکانی هەرێم و پرسی گفتوگۆکان لەگەڵ حکوومەتی ئێستای عێراق لەگەڵ سەرکردەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم تاوتوێ دەکرێن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە