پەیامی کورد … شەقامی ١٠٠ میتری هەولێر بە ڕووی شۆفیراندا کرایەوە
دوای ئەوەی ٢٥ی شوبات لەمەراسیمێکدا بەشی یەکەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر کرایەوە و لەماوەی دوو رۆژی رابردوشدا رێکارەکان و جێگیرکردنی رێنماییەکانی هاتوچۆ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگاکەوە تەواوکران، لەبەرەبەیانی ئەمڕۆوە شەقامەکە بەڕوی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل کرایەوە.
چالاک موهەندیس، بریکارى وەزارەتى شارەوانى هەرێمی کوردستان بەوێستگەنیوز-ی راگەیاند، وەک بەشێک لەکارنامەی حکومەتی هەرێم بەهاوکاری کەرتی تایبەت، رۆژی پێنجشەممە بەشی یەکەمی شەقامی 150 مەتری هەولێر بە درێژایی 10 کیلۆمەتر و لەسەر رێگەی بەحرکە تاوەکو رێگەی شەقڵاوە کرایەوە و خرایە خزمەتی هاوڵاتیان.
درێژی شەقامی 150 (سەد و پەنجا) مەتری، 70 (حەفتا) کیلۆمەترە و ئەمڕۆ 10 کیلۆمەتری بە هەردوو ئاراستەدا کرایەوە، پانی هەر سایدێکی شەقامەكه 19.5 (نۆزدە مەتر و پەنجا سانتیمەترە)، لەنێوان شەقامەکانیشدا 8 مەتر بۆ سەوزایی دانراوە، لەو 10 کیلۆمەترەشدا 6 بەرزە پرد هەن، کە سێ دانەیان پردی سوڕانەوەن، هەروەها 52 (پەنجا و دو) کیلۆمەتر بەربەستی ئاسنینیشی بۆ دروستکراوە.
بەردی بناخەی ئەو بەشەی شەقامی 150 (سەد و پەنجا مەتری) لەئەیلولی ساڵی 2018 دانراوە و ماوەی پڕۆژەكە 1250 (هەزار و دو سەد و پەنجا) رۆژ بووە، بەپێی گرێبەستەكە لایەنی جێبەجێکار کە کۆمپانیای هێمن گروپ بووە، وا دانرابوو لە 22ـی شوباتی 2022 بەشێكی پڕۆژەكە تەواو بكرێت، بەڵام پڕۆژەکە زوتر لە وادەی خۆی تەواوکراوە.
شەقامی 150 (سەد و پەنجا مەتری)، دوای شەقامەکانی 30 (سی) مەتری، 60 (شەست)مەتری، 40 (چل)مەتری، 100 (سەد)مەتری و 120 (سەد و بیست)مەتری، دەبێتە شەشهمین شەقامی بازنەیی شاری هەولێر، کە شەقامێكی خێرایە و قەزای بنەسڵاوە و ناحیەکانی كەسنەزان، دارەتو، بەحركە و کۆمەڵگەکانی شاوێس و مەلائۆمەر و رێگای گوێڕ، قۆڕیتان و سەركارێز بەیەكەوە دەبەستێتەوە .
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە