دایکی بەندکراوێکی سیاسی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کرا

بەرواری بڵاوکردنەوە :
دایکی بەندکراوێکی سیاسی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کرا

پەیامی کورد... دایکی بەندکراوێکی سیاسی کورد لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کرا

دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی ڤیدیۆیی لەلایەن غەزالە بەلخکانلوو، دایکی زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد، ئەو دایکە بەساڵاچووە لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ماکۆوە بانگ کراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی شوباتی ٢٠٢٢ غەزالە بەلخکانلوو تەمەن ٧١ ساڵ، دایکی بەساڵاچووی زەینەب جەلالیان بەندکراوی سیاسی کورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ماکۆ بانگ کراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ کراوە. ناوبراو شەوی ڕابردوو لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ئاگادار کراوەتەوە کە دەبێت ڕۆژی دووشەممە خۆی بەم ناوەندە ئەمنییە بناسێنێت.

بانگ کردنی غەزالە بەلخکانلوو بۆ ئیدارەی ئیتلاعات دوای ئەوە بووە کە ڕۆژی ڕابردوو ڤیدیۆیەک بڵاو بووەوە کە ناوبراو تێیدا سەبارەت بە بارودۆخی زەینەب جەلالیان و ڕێگری ناوەندە ئەمنییەکان لە چاوپێکەوتنی زەینەب لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکەی قسە دەکات و داوا لە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان دەکات کە هاوکاری بکەن.

هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ماکۆ هەڕەشەیان لە دایە غەزالە بەلخکانلوویان کردووە کە نابێت ئەم بابەتە میدیایی بێتەوە و سەبارەت بە زەینەب هیچ قسەیەک و ڤیدیۆیەک بڵاو بکاتەوە و ئەگەر دووپاتی بکاتەوە بەرەوڕووی دەبنەوە.

زەینەب جەلالیان ساڵی ١٣٨٦ی هەتاوی لە کرماشان دەستبەسەر و مانگی سەرماوەزی ١٣٨٧ لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی کرماشانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر مورادی بە تۆمەتی بەزاندنی نایاسایی سنوورەکانی ئێران سزای ساڵێک بەندکران و هەروەها بە تۆمەتی دژایەتیی خودا» موحارێبە» لەڕێگەی ئەندامەتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان» پژاک» سزای سێدارەی بەسەردا سەپا.

سزای سێدارەی زەینەب جەلالیان ساڵی ٨٨ی هەتاوی لەلایەن دیوانی بەرزی وڵاتەوە پشتڕاست کرا یەوە و پاشان لە ساڵی ٩٠ و بەهۆی بەرکەوتنی لێبوردنی» خامنەیی» ەوە بۆ بەندکرانی هەتاهەتایی کەم کرایەوە.

ناوبراو لە ماوەی ١٥ ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی کرماشان، ئەوینی تاران، قەرچەکی وەرامین و خۆی ڕاگیراوە و پاییزی ساڵی ڕابردوو بۆ بەندیخانەی یەزد گوازراوەتەوە و لەو کاتەوە هیچ پەیوەندییەکی بە بنەماڵەکەیەوە نەماوە.

زەینەب جەلالیان لەدایکبووی ساڵی ١٣٦١ی هەتاوی (١٩٨٢ی زایینی) لە گوندی دەیم قشڵاقی ماکۆیە و لەو کاتەوە دەستبەسەر کراوە بەبێ مافی مەرەخەسی لە بەندیخانەکانی حکومەتی ئێراندایە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە