پەیامی کورد...دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستی پێ کرد
ئەمڕۆ دووشەممە، پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 15 پارێزگای عێراق دەستی پێ کرد کە تیایدا پێنج ھەزار و 904 کاندید ڕکابەری بۆ بەدەستھێنانی 285 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن.
لە کۆی285 کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، 75 کورسیان بۆ ئافرەتان و 10 کورسیش بۆ پێکھاتەکان تەرخانکراوە.
جومانە غەللای وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ڕاگەیاند: ئەمڕۆ بنکەکانی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە کاتژمێر 7:00ی بەیانییەوە بەڕووی دەنگدەران کراونەتەوە و پڕۆسەکەیش تا کاتژمێر 18:00 بەردەوام دەبێت.
وتیشی: "زیاتر لە 16 ملیۆن دەنگدەر لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەن پارێزگاکان مافی دەنگدانیان ھەیە و دەتوانن دەنگ بدەن".
باسی لەوەیش کرد پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە 35 ھەزار 553 وێستگەی دەنگدان کە بەسەر حەوت ھەزار و 166 بنکەی دەنگداندا دابەشبوون، بەڕێودەچێت و وتی: "پێویستە دەنگدەران لە کاتی چوونیان بۆ بنکەکانی دەنگدان، کارتی دەنگدان، هەروەها بەڵگەنامەی فەرمی لەگەڵ خۆیاندا بەرن، ئەگەر نا ئەوە ڕیگایان پێ نادرێت دەنگ بدەن".
ئاماژەی بەوەیشدا کە دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری دەنگدان لەلایەن نووسینگەکانی کۆمیسیۆنەوە لە پارێزگاکان بەردەوام دەبێت و وتی: ھەر دەنگدرێک کە تا ئێستا کارتی دەنگدانەکەی وەرنەگرتووەتەوە، دەتوانێت ئەمڕ سەردانی نووسینگەکانی کۆمیسیۆنەوە لە پارێزگاکان و کارتی دەنگدانەکەی وەربگرێتەوە.
ئەوەیشی خستەڕوو کە زیاتر لە 300 ھەزار چاودێر، نزیکەی دوو ھەزار چاودێری نێودەوڵەتی و نزیکەی 500 ھەزار بریکاری پارتەکان، چاودێری پڕۆسەکە دەکەن.
ھیچ بنکەیەکی دەنگدان لە پڕۆسەی دەنگدانی گشتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە پارێزگاکانی ھەرێم نەکراوەتەوە و لەوبارەیەوە جومانە غەللای وتی: ئەو دەنگدەرانەی کە خەڵکی پارێزگاکانی عێراقن، بەڵام ئێستا لە پارێزگاکانی ھەرێم نیشتەجێن، دەبێت بگەڕێنەوە بۆ پارێزگاکانی خۆیان و لەوێ دەنگ بدەن، چونکە پڕۆسەکە پارێزگاکانی ھەرێم ناگرێتەوە.
ئەمە یەکەم جارە، پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق لە دوای 10 ساڵ لە 15 پارێزگا و دوای 18 ساڵ لە پارێزگای کەرکووک بەڕێوەدەچێت.
دوایین ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق لە ساڵی 2013دا ئەنجامدرا و لە ساڵی 2019دا، بە بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەران کاری ئەنجوومەنی پارێزگاکان سڕ کرا.
ھاوکات لە ساڵی 2005ەوە، ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە بیانووی جیاجیا، ئەنجام نەدراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە