پەیامی کورد... دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر کران
لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوو دوو هاووڵاتی خەڵکی مەهاباد و سایین قەڵا بە ناوەکانی کازم مام ئیسماعیل و هێمن عەبدی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و چارەنووسیان نادیارە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٣٠ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ (٢١ی ئاگۆستی ٢٠٢٢) هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵی ئەبووبەکر مام ئیسماعیل لە گوندی لەج سەر بە شاری مەهاباد و خۆی و دوو کوڕی ناوبراویان بە ناوەکانی کازم مام ئیسماعیل و کامیل مام ئیسماعیلیان دەستبەسەر کردووە.
ئەبووبەکر و کامیل مام ئیسماعیل دوای چەند کاتژمێر ئازاد کراون و لە سەر چارەنووسی کازم مام ئیسماعیل هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
جێگای ئاماژەیە کە هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات ماڵی ئەو هاووڵاتییەیان پشکنیوە و دەستیان بە سەر بەشێک لە کەلوپەلی ئەواندا گرتووە.
لە لایەکی دیکەوە، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی خەڵکی گوندی قانزالی سەر بە شاری سایین قەڵا بە ناوی هێمن عەبدی بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی میاندواو گوازراوتەوە.
هەتا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی کە خراونەتە پاڵ ئەم دوو کەسە لە بەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان لەوبارەوە بێ ئاکام ماوەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە