دووهەم گۆڕی بە کۆمەڵ لە شەنگاڵ سبەی هەڵدەدرێتەوە

دووهەم گۆڕی بە کۆمەڵ لە شەنگاڵ سبەی هەڵدەدرێتەوە

پەیامی کورد  ...    بڕیارە سبەی گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵ لە دەڤەری شەنگال ھەڵبدرێتەوە و بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێ، لەگەڵ بەغدا گەیشتوونە ڕێککەوتن کە بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان سوود لە ئەزموونی یەکتر وەربگرن.

بەڕەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکرانی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: "بڕیارە سبەی ڕۆژی ھەینی، تیمە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ لە چوارچێوەی پڕۆسەی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی دوای شەڕی داعش دەست بە ھەڵدانەوەی گۆڕێکی دیکەی کوردانی ئێزدی لە قەزای شەنگال بکەن، کە گۆڕەکە دەکەوێتە نزیک گوندی کۆچۆی سەر بە شەنگالە."

بریکاری وەزارەتی کاروباری شەھیدان ڕایگەیاند: "ئەمە دووەم گۆڕی بەکۆمەڵە کاری ھەڵدانەوەی لەسەر دەکرێت و پێشتریش گۆڕێکی دیکەیان ھەڵداوەتەوە، بەردەوامیش دەبین تا ھەموو گۆڕە بەکۆمەڵەکان یەکلا دەکرێنەوە."

بەڕەڤان حەمدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە سەردانی شاندی وەزارەت بۆ بەغدا لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەیشتینە ئەنجامی باش لەسەر ھەماھەنگی نێوان ھەرێم و بەغدا لەسەر ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر، کار لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکانی جینۆسایدیش دەکرێت لە پارێزگای موسەننا و ناوچەکانی دیکەی عێراق."

 

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە