پەیامی کورد … فەرەنسا داوای پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستان دەكات
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٨ی تەمووزی ٢٠٢١، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا هێرشەکانی ئەم دواییەی سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانانی لە هەولێر و بەغدا و بنکەی عەین ئەل ئەسەد سەركۆنە كرد و داوای پاراستنی سەقامگیریی هەرێمی كوردستانی كرد.
وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، جەختی کردووەتەوە کە بەئامانجگرتنی نێردەی دیپلۆماسی وڵاتان و هێزەکانی هاوپەیمانان، پێشێلکردنی سەروەری عێراقە و هەوڵێکیشە بۆ زیانگەیاندن بە سەقامگیریی وڵاتی خانەخوێ.
ڕاگەیەندراوەکە پاڵپشتی پاریسی بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان دووپات كردووەتەوە و جەخت لە وتەکانی وەزیری دەرەوەی ئەم وڵاتە دەكاتەوە بۆ بەهێزترکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان لایەنەکان لە نێوخۆی عێراق بۆ ڕێگریکردن لەم هێرشانە.
لە کۆتاییشدا وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا دەڵێ کە سوپای وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە کاری هاوبەش لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرپەرچدانەوەی داعش و ڕێگە گرتن لە سەرهەڵدانەوەی ئەم گرووپە تیرۆریستییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە