پەیامی کورد... فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا بنکەکانیان لە عێراق و سووریا بە سەردەكاتەوە
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، لە سەردانێکیدا کە لە ڕۆژی 13ی ئەم مانگە بۆ عێراق ئەنجامیدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازیی عێراق کۆبووەوە.
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ڕۆژانی 13 و 14ی ئەم مانگە، جەنەراڵ مایکڵ کوریللا سەردانی عێراق و سووریای کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا، لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی و سەرۆک ئەرکانی سوپای عێراق، فەریقی یەکەم ڕوکن عەبدولئەمیر ڕەشید یارەڵڵا و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان، فەریق ڕوکن قەیس خەڵەف محەمداوی کۆبووەتەوە.
باسی لەوەیش کردووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئێستا لەسەر ئاستی ھەرێمی و ناوخۆ خراوەنەتە بەرباس، ھەروەھا تیشک خراوەتەسەر ھێرشی سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە جەنەراڵ مایکڵ کوریللا لە میانی سەردانەکەی بۆ عێراق، ھێزەکانیان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا، بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد و فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتی ھەولێر بەسەرکردووەتەوە.
ڕاشیگەیاندوو مایکڵ کوریللا دوای سەردانەکەی بۆ عێراق، سەردانی سووریای کردووە کە لە میانیدا، بنکە سەربازییەکانیان لەو وڵاتە بەسەرکردووەتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە