پەیامی کورد... فوئاد حوسێن و هاکان فیدان لە باکو کۆبوونەوە
وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە بزووتنەوەی وڵاتانی بێ لایەن کە لە شاری باکو پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت، کۆبوونەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا باسیان لە ئاسۆی هاریکارییە دووقۆڵییەکان و هەماهەنگی ستراتیجیی نێوان هەردوو وڵات لە هەمبەر پرسە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان کردووە.
راشیگەیاندووە کە لە میانی کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی تورکیا گفتوگۆیان کردووە لەبارەی دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوچەکە، هەروەها ئەو هەوڵانەی کە بۆ لەناوبردنی تیرۆر خراونەتەگەڕ.
فوئاد حوسێن هەروەها رایگەیاندووە کە عێراق کار دەکات بۆ ئەوەی بەم نزیکانە سێیەمین "کۆنگرەی بەغدا بۆ ھاریکاری و ھاوبەشیی" لە بەغدا ببەستێت کە تیایدا باس لە کێشەکانی وڵاتانی درواسێ و دۆزینەوەی رێگا چارەی گونجاو بۆ کێشەکان دەکرێت، ئەوەیش بە ئامانجی پاراستنی ئاشتی و ئاسایش لەسەر ئاستیی هەرێمیی و نێودەوڵەتییدا.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان داوای پێکهێنانی "رێکخراوێکی هەرێمیی" کردووە لە پێناو عێراقدا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە