حەوت ڕێکخراوی مەریوانی لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیدا ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوە

حەوت ڕێکخراوی مەریوانی لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیدا ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوە

پەیامی کورد... حەوت ڕێکخراوی مەریوانی لە ڕۆژی جیهانی زمانی دایکیدا ڕاگەیەندراوێک بڵاودەکەنەوە

ئەمڕۆ دووشەممە ٢ی ڕەشەمەی ١٤٠٠، حەوت ڕێکخراوی مەدەنیی مەریوانی بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکرەوە و وێڕای جەختکردنەوە لە گرنگیی زمانی دایکی ڕایانگەیاند، "زمان هەبوونە و هەبوونیش بە زمانەوە گرێدراوە.

ئەو ڕاگەیەندراوە هاوبەشە لەلایەن "ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان"، "ئەنجوومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی ڕۆجیار"، "ناوەندی فەرهەنگی هونەریی ڤەژین"، "ناوەندی زانستی فەرهەنگیی ڕۆنان"، "ئەنجوومەنی سەوزی چیا"، "ئەنجوومەنی پێشگیری لە مادە سڕکەرەکان- ژیانەوە" و" ئەنجوومەنی نمایشی مەریوان"ەوە واژۆکراوە.

ئەو ڕێکخراوانە بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە دەستخۆشییان لە هەموو ئەو مامۆستایانە کردووە کە سەرەڕای هەموو کێشە و بەربەستەکان لەپێناو گەشەی زمانی کوردیدا هەوڵ دەدەن.

لە بەشێکی دیکەی ئەو ڕاگەیەندراوەدا هۆشداری دراوە بە وڵاتە فرەنەتەوەکان و ڕاگەیەندراوە، دەستبەرداری ژینۆسایدی سپی بن و ڕێگە خۆش بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەم مافە سەرەتاییەی کەمەنەتەوە بندەستەکان.

ئەو حەوت ڕێکخراوە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەیاندا بەم جۆرە هەڵوێستی خۆیان ئاشکراکردووە: " ئێمە وەک ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوان، بڕوای تەواومان بەوە هەیە کە هەموو نەتەوەکان پێویستە مافی زەوتکراوی زمانییان بۆ بگەڕێتەوە و منداڵەکانیان بە زمانی خۆیان بخوێنن، چونکوو چیدی سەردەمی ئاتاتورکی و پەهلەوی بەسەر چووە و دەبێت لە ڕوانگەی مافی مرۆڤەوە مامەڵە لەگەڵ سەرجەم زمانەکاندا بکرێت."

پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان، مافی هەموو کەمینەکان بۆ بەکارهێنان، فێربوون و پەرەپێدان بە زمانی دایکییان بە ڕەوا دەزانێت و حکومەتەکان ئەرکداردەکات کە بۆ ئەو مەبەستە ڕێخۆشکەربن.

ڕۆژی ٢ی ڕەشەمە لە ساڵی ١٩٩٩ەوە لەلایەن ڕێکخراوی پەروەردە، زانست و کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونسکۆ) وە وەک ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی ڕاگەیەندراوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە