بەندکراوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئێراندا کوژرا

بەندکراوێکی کورد لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئێراندا کوژرا

مێهران ئەکرەمی لاوی کورد و خەڵکی شاری تیکاب کە لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەقز دەستبەسەرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا گیانی لەدەستدا.


بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە (١٣ی مارسی ٢٠٢٤)، مێهران ئەکرەمی لاوی تەمەن ٣٢ ساڵی خەڵکی شاری تیکاب کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوو لە شاری سەقزدا دەستەسەرکرابوو، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەو شارەدا گیانی لەدەستدا. مێهران ئەکرەمی لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی دەستبەسەرکرابوو و لەو کاتەوە لە حاڵێکدا کە چارەنووسی ناڕوون بوو لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ڕاگیرابوو.

بەوتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەکرەمی، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٥ی ڕەشەممە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە پەیوەندییان بەو بنەماڵەوە گرتووە و پێیان ڕاگەیاندوون کە منداڵەکەیان گیانی لەدەستداوە و داوایان لێکراوە تەرمەکەی وەرگرنەوە. بەڵام کاتێک بۆ وەرگرتنی تەرمی مێهران ڕۆیشتوونەتە بەندیخانەی ناوەندی سەقز پێیان گوتراوە کە تەرمەکەی لە نەخۆشخانەی "خومەینی"یە.

ئەو سەرچاوە ڕایگەیاندووە: "بنەماڵەی ئەکرەمی دوای ڕۆیشتن بۆ نەخۆشخانەی خومەینی زانیویانە کە تەرمی مێهران بەمەبەستی توێکاری بۆ پزیشکی یاسایی گواستراوەتەوە و تەنیا کاتێک تەرمەکەی ڕادەستی بنەماڵەکەی دەکرێتەوە کە باوکی مێهران نووسراوەیەک واژۆ بکات کە لەوێدا هاتووە وەڵامی توێکارییەکە یەک ساڵی دیکە بەوان دەدرێتەوە."

هەنگاو ئاگادارکراوەتەوە کە، حەفتەی ڕابردوو مێهران ئەکرەمی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقز بەسەختی لەژێر لێدان و کوتان و ئەشکەنجەدا داندرابوو و بەو هۆیەوە هەردوو گورچیلەی لە ناکاودا لەکار کەوتبوون و لە نێوان ڕێوشوێنی سەختی ئەمنیدا بۆ نەخۆشخانەی "خومەینی" گواسترابووەوە. بنەماڵەی ئەکرەمی ڕایانگەیاندووە کە ڕۆژی سێشەممە بەمەبەستی چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان ڕۆیشتوون و دیتوویانە کە دووکەس لە هێزە ئەمنییەکان لە ژوورەکەیدا جێگیر کراون و هەر دوو دەست و لاقێکیان بە تەختەکەی بەستراوەتەوە.

مێهران ئەکرەمی ڕۆژی سێشەممە دوای چەند کاتژمێر خەوێندران و دیالیز کردن، بە پێشنیاری دکتۆرەکەی بۆ بەندیخانە گەڕێندرابووەوە و کاتژمێر ٦ی دوانیوەڕۆ و تەنیا ٣ کاتژمێر دوای گواستنەوەی بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات گواسترایەوە و هەر لەوێ لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەستدا.

بەوتەی سەرچاوە نزیکەکان لەو بنەماڵەوە، کە توانیوایانە تەرمی مێهران ببینن، ناوبراو پشتی سەری شکابوو و سەرووی برۆی و سەری بریندار بووە و لووتی، گوێی و دەمی خوێنڕێژی بووە.

تەرمی مێهران ئەکرەمی ڕۆژی پێنجشەممە ڕادەستی بنەماڵەکەی کرایەوە و هەر ئەو ڕۆژە لە شاری تیکاب لە نێوان ڕێوشوێنێکی سەختی ئەمنیدا ڕێوڕەسمی بەخاک سپاردنەکەی بەڕێوەچوو.

شایەنی باسە کە مێهران ئەکرەمی ڕۆژی شەممە ٢١ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (١٢ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢)، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سەقزەوە دەستبەسەرکرا و لە ماوەی ١٦ مانگی ڕابردوودا چارەنووسی نادیار بوو و لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سەقز و بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە بەند کرابوو. لەو ماوەیەدا چەندین جار بنەماڵەکەی هەوڵیان دابوو کە کوڕەکەیان بەدانانی بارمتە ئازاد بکەن بەڵام ناوەندە ئەمنییەکان لە ئازادی کاتیی مێهران ڕێگرییان دەکرد.

مێهران ئەکرەمی لە لاوانی وەرزشوانی ڕشتەی تایکواندۆ بوو و خاوەنی چەندین میدالیا لە ئاستی پارێزگا و وڵاتەکان لەو وەزشەدا بووە. ناوبراو پێشتریش بەهۆی چالاکی سیاسییەوە دەستبەسەرکرابوو. هەروەها برا و ئامۆزاکەی لە بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی لە شاری تیکاب دەستبەسەرکرابوون.

کەسە نزیکەکانی ئەو لاوە گیانبەختکردووە بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە تەنانەت دوای گیان لەدەستدانی ناوەندە ئەمنییەکان مۆبایل، جانتا و کەرەستە تایبەتییەکانی مێهرانیان بە بنەماڵەکەی نەداوەتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە