شیرین فواد مەعسووم، كادیری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان رای دەگەیەنێت، هەر هەڵبژاردنێك بەبێ پارتی دیموكراتی كوردستان بكرێت، هیچ شەرعیەتێكی ئەخلاقی و یاسایی نییە و نابێت.
شرین فواد مەعسووم، لە چاوپێكەوتنێكیدا رای گەیاند: ”پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردن، ڕێگری لەو پلانانە دەکات کە دژ بە قەوارەی كوردستان، لە لایەن دەستێکی دەرەکییەوە پلانی بۆ دانراوە."
ڕوونیشی كردەوە كە پارتی ”جیا لە حزبەکانی تر، ئەمانەتی خاک و نیشتمانمان لەسەر شانە، بۆیە هەڵبژاردن بەبێ پارتی هیچ شەرعیەتێکی ئەخلاقی و یاسایی نییە و نابێت."
هەروەك باسی لەوەش كردووە كە پارتی وەک حزب و وەکوو نوێنەری کورد، هەڵوێستەکانی دەڕدەبڕێت و ”بیر لە گیرفان و مەرز و دروستکردنی میلیشیا و لەتکردنی نیشتمان ناکاتەوە. پارتی وەک خاوەنی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان و خاوەن دەوڵەت بە بەرپرسیارێیتییەوە بڕیار دەدات، بۆیە هیچ کەس و هێز و لایەنێکی دەرەکی و ناوەکی توانای ئەوەیان نییە هەرێمێك هەڵبوەشێننەوە كە بە خوێنی گەل دروست بووە.“
هەر لە چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ (دەنگی ئەمریكا)، شیرین فواد مەعسووم ڕاشكاوانە دەڵێت: ”پارتی حزبێک نییە کاتی ئەوەی هەبێت بیانوو بگرێت. پارتی داوای ڕەوا و فەرمی هەبووە، بە جێبەجێنەکردنی داواكانیشی، بەشداری لە هەڵبژاردن ناكات. بۆیە بڕوای تەواوم هەیە كە شکۆی ئەم پرۆسەیە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە ئەگەر ئەنجام بدرێت. ئێمە هەموومان لە پارتی قوتابی ڕێبازێکین کە نە دەزانین خۆ چەماندن چییە، نە دەزانین ببین بە نۆکەری ئاغا و سیغەکانیش. ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان خاوەنی 76 ساڵ خەبات و شکۆ و قوربانیدانین، هەڵبژارنەکانی پێشووتر شایەدیی ئەوەمان بۆ دەدەن کە کێ دەترسێت و کێ پەنای بۆ وڵاتان بردووە تا ژمارەی کورسییەکانی بۆ زیاد بکات."
جەختیشی كردۆتەوە، پارتی لەوەتەی هەیە، نە ترسی لە دەستکەوتی حزبی هەیە، نە بیریشی لێ دەکاتەوە، چونکە چەندان جار بەشداریی هەڵبژاردنی کردووە. پارتیمان ئیمانی تەواوی بە پڕۆسەیەکی دیموکراسی هەیە، لە هەڵبژاردن چەند كورسی بهێنێت ئەوە کێشە نییە، کێشەکەی ئێمە ترسە لە سڕینەوەی یەکجاریی پێکهاتەکان و ڕێگەنەدان بە بەشداری کردنی هەزاران دەنگدەر."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە