سەرۆك بارزانی: دادگای فیدڕاڵی شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین

سەرۆك بارزانی: دادگای فیدڕاڵی شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین

ئەمڕۆ چوارشەممە 3ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوخۆی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان ئاڵوگۆڕ كرا و جنین پلاسخارت وێڕای ئاماژەدان بە ڕۆڵی سەرۆك بارزانی و پارتی لە پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان ئاماژەشی بەوە دا كە ئاگاداری ئەوەیە كە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێدەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریكردنی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و ڕاشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بە بێی پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی هۆكارەكانی هەڵوێستی پارتی ڕوون كردەوە و ئەوەی خستەڕوو كە دادگای فیدڕاڵ شوێنی دەسەڵاتی یاسادانانی گرتووەتەوە و بڕیارەكانی سیاسین و بە شێوەیەك نین كە ڕێز لە قەوارەی هەرێمی كوردستان بگیرێت.

سەرۆك بارزانی ئەوەشی خستەڕوو كە بێبەشكردنی پێكهاتەكان لە نوێنەرایەتیكردنیان زیانێكی زۆر گەورە بەو پێكەوەژیانە دەگەیێنێت كە گەلی كوردستان دەیان ساڵە لەپێناویدا خەباتی كردووە، دەبێ مافی پێكهاتەكان ڕەچاو بكرێن، چونكە ئەوانیش نەتەوەی جیاجیان و دەبێ لە كوردستاندا هەست بە بوونی خۆیان بكەن، پەرلەمانێك نەتەوەكانی تری تێدا نەبێت پەرلەمانێكی لەنگ و ناكامڵ دەبێت.

هەروەها سەرۆك بارزانی لەدرێژەی قسەكانی جەختی لە پێویستیی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن كردەوە، بەڵام هەڵبژاردنێك كە تەعبیر لە ئیرادەی گەلی كوردستان بكات و ئازاد و شەفاف بێت و دوور بێت لە دەستوەردانی دەرەكی و دیزاینی پێشوەختەی دەرئەنجامەكان.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە لە هەرێمی کوردستان پارتی دامەزرێنەری شەرعیەت و هەڵبژاردن بووە و خۆی لە 1991 لە شاری كۆیە ڕایگەیاندووە كە پێویستە لە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی بەرەو شەرعیەتی یاسایی بڕۆین. سەرۆك بارزانی ڕۆشنایی خستەسەر بارودۆخی عێراقیش و جەختی كردەوە كە لە عێراقدا ڕێككەوتنەكان پێشێل دەكرێن، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق ڕێككەوتنێكمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان لە كاتی پێكهێنانی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت هەبوو و تا ئێستا هیچ یەك لە خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ نەكراون، لەگەڵ ئەوەش لە بەغدا بەشێوەیەكی نادەستووری دەستیان بۆ ژیانی خەڵكی كوردستان بردووە و مووچە و قووتی خەڵكی كوردستانیان وەك چەكێك بۆ تێكدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بێزاركردنی خەڵكی كوردستان بەكار هێناوە.

لەدرێژەی گوتەكانیدا سەرۆك بارزانی بەپێویستیزانی لەپێناو بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و شەفافدا كێشە تەكنیكیەكان چارەسەر بكرێن و لەژێر چاودێریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بێت.

لەبەشێكی تری ئەو دانیشتنەدا نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق ئەوەی بە سەرۆك بارزانی ڕاگەیاند كە كێشەی مووچەی لە ڕاپۆرتی خۆی بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش باس كردووە و ناكرێ جیاوازیی نێوان فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و بەشەكانی تری عێراق هەبێت و لە هەوڵی ئەوەدا دەبێت بابەتی مووچە و شایستەداراییەكانی خەڵكی كوردستان لەگەڵ حكوومەتی عێراق باس بكات. هەروەها پێشنیاریشی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی کوردستان، تیمێكی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە تەكنیكیانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە.

لەو كۆبوونەوەدا هەردوولا جەختیان لەوە كردەوە كە بۆ پاراستنی پڕۆسەی دیموكراسی و سەقامگیریی هەرێم پێویستە گرفتەكانی بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن چارەسەر بكرێن.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە