مه‌سرور بارزانی: ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە

مه‌سرور بارزانی: ئەنفال تاوانێکی کەم وێنە و لەبیرنەکراوە

سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ساڵوەگەڕی 36 ساڵەی ئەنفالدا، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت: "ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجام دا."

ئەمڕۆ یەكشەممە 14/4/2024، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاندووە: "ئەمڕۆ یادی تاوانێکی گەورە و زامێکی ساڕێژنەبووی جەستەی گەلی کوردستان دەکەینەوە، کە 36 ساڵ لەمەوبەر، ڕژێمی پێشووی عێراق، لە پێناو سڕینەوە و قڕکردنی گەلی کوردستان، شاڵاوی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەنفالی ئەنجام دا."

سەرۆكی حكوومەت دەشڵێت: "ئەنفال تاوانێکی کەموێنە و لەبیرنەکراوە و دەبێ هەمیشە ئەو تاوانانە و قوربانییەکانمان لە یاد بێت و نەوەکانمان بزانن کە خەڵکی کوردستان، چ قوربانییەکی مەزنیان لە پێناو مافە نەتەوەییە ڕەواکانی داوە."

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: "حکوومەتی هەرێمی كوردستان، لە کاتێکدا خزمەتکردنی زیاتری بنەماڵە و کەسوکاری ئەنفالکراوان بە ئەرکی خۆی دەزانێت، لە هەمانکاتدا دووپاتیشی دەکاتەوە کە ئەرک و بەرپرسیاریەتیی ئەخلاقی و دەستووریی حکوومەتی فیدراڵە، بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالکراوان و هەموو قوربانییانی دەستی ڕژێمی بەعس بکاتەوە."

هەر لە پەیامەكەیدا، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەشی خستووەتە ڕوو: "ئەوەی مایەی داخە تا ئێستاش کەس و لایەن هەن دەیانەوێ بە بیرکردنەوەیەکی شۆڤێنییانە و بە هەمان ئەو عەقڵیەتەی لە پشتی ئەنجامدانی ئەنفالەوە بوو، نکۆڵی لە مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن کە لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانێکی بێوێنەی خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون."

مەسرور بارزانی لە كۆتایی پەیامەكەیدا دەڵێت: "لە ساڵیادی شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفالدا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ گشت شەهیدان و ئەنفالکراوانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لە یادەوەریماندا زیندوون."

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە