فیدان بۆ سلێمانی: ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئێوەدا باش بین

فیدان بۆ سلێمانی: ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئێوەدا باش بین

 

هاكان فیدان رایگەیاند، سلێمانی شوێنێکە کە چەندین دەوڵەتمەدار، عارف و زانای بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پێگەیاندووە. بەڵام جێگەی داخە کە بووەتە شوێنێک كە پەكەكە توانیویەتی كۆنتڕؤڵی بكات

ئەمڕۆ پێنجشەممە 16ی ئایاری 2024 لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی ڕاستەوخۆی کەناڵی NTVدا هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، "سلێمانی شوێنێکە کە چەندین دەوڵەتمەدار، عارف و زانای بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پێگەیاندووە. لە ڕاستییدا شوێنێکی پیرۆزە. واتا بەڕاستی جێگەی داخە کە بووەتە شوێنێک ڤایرۆسێکی وەک پەکەکە توانیووێتی کاریگەریی لەسەر دروست بکات و کۆنترۆڵی بکات".

وەزیری دەرەوەی تورکیا، هاکان فیدان، باسی لەوە کرد کە بە ڕوونی گفتوگۆیان لەگەڵ لایەنی سلێمانی کردووە و، ڕایگەیاند: "کۆبوونەوە دەبێت کە بۆ ڕای گشتیی ڕاناگەیەندرێت، وەک پێشتریش گوتم سلێمانی شارێکی دێرینە. سلێمانی، مووسڵ، کەرکووک، هەولێر، زاخۆ... واتە ئەو شوێنانە لە سەردەمی عوسمانییەوە بە بەردەوامی جیوگرافی و کلتووری ئێمە بوون، ئێمە بەشێکین لەوان و ئەوانیش بەشێکن لە ئێمە. سلێمانی شوێنێکە کە چەندین دەوڵەتمەدار، عارف و زانای بۆ ئیمپراتۆریەتی عوسمانی پێگەیاندووە. لە ڕاستییدا شوێنێکی پیرۆزە. واتە بەڕاستی جێگەی داخە کە بووەتە شوێنێک ڤایرۆسێکی وەک پەکەکە توانیوێتی کاریگەری لەسەر دروست بکات و کۆنترۆڵی بکات".

هاکان فیدان جەختی لەسەر ئەوەیش کردەوە کە تورکیا ڕاشکاوە لە کۆبوونەوەکاندا و ڕایگەیاند: "ئێمە گەمە و تەڵە بۆ کەس دانانێین. دەڵێین ئەم کەسانە خراپەکارن. ئێوە پێویستیتان بە هاریکاریی نییە لەگەڵ ئەمانەدا. ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ئێوەدا باش بین، نامانەوێت خراپ بین. واز لە پشتیوانیتان بهێنن بۆ ئەمانە. واتە ئێمە کاری جەنگەکە دەکەین، کێشە نییە، بەڵام ئێوە دوور بکەونەوە لێیان. ڕێگە مەدەن بێنە شارەکەتانەوە. ڕێگە مەدەن فڕۆکەخانەکەتان بەکاربهێنن. ڕێگە مەدەن ئەم کەسانە سوود لە نەخۆشخانەکانی شارەکەتان وەرگرن. ئەگینا ئۆپەراسیۆنەکانی ئێمە بەردەوام دەبێت. لە چەقی سلێمانیشدا ئۆپەراسیۆن ئەنجام دەدەین، لە گوندەواریشدا ئەنجامی دەدەین، ئەویش بەبێ زیانگەیاندن بە هاووڵاتی مەدەنی. ئەمە توانا و لێهاتووییەکە کە ئێمە پەرەمان پێداوە. ئەمە هەمیشە بەردەوام دەبێت، بەڵام ئەوە ناخوازین. کاتێک ئێوە لەگەڵ پەکەکەدا کار دەکەن و ئێمە ئەمە دەبینین ناچارین شتێکیش بەرامبەر ئێوە بکەین، چونکە وەک ئێوە دەزانن ئەم ڕێکخراوە ڕێکخراوێکە بۆ کردنە ئامانجی ئێمە دامەزراوە. ناکرێت ئێمە ڕێگە بە بوونی ئەمە بدەین. ناکرێت وا هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەوەشدا بکەین کە هاوکاری ئەم ڕێکخراوە دەکات وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت. ئێستا پێموایە تێگەیشتوون، ڕێوشوێنەکانمان درێژەی هەیە. پشتیوان بەخودا تێدەگەن".

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە