سزای سێدارەی پێنج بەندکراو کە یەکێکیان ژنە بە ناوەکانی پەروین مووسەوی، پەرویز قاسمی، یووسف سەعیدی چێهرە، ڕامین لەوەندی و مەنسوور ناسری خەڵکی شارەکانی مەراغە، ئورمیە و بۆکان لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە جێبەجێ کرا. ئەم پێنج بەندکراوە پێشتر بەهۆی تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
بەگوێرەی هەواڵێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەرلەبەیانی ڕۆژی شەممە ٢٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٤ (١٨ی مەی ٢٠٢٤) سزای سێدارەی پەروین مووسەوی هاووڵاتیی تەمەن ٥٠ ساڵی تورک و خەڵی شاری مەراغە، هاوکات لەگەڵ چوار بەندکراوی کورد بە ناوەکانی مەنسوور ناسری تەمەن ٤٥ ساڵ و خەڵکی بۆکان، یووسف سەعیدی چێهرە تەمەن ٣٢ ساڵ، ڕامین لەوەندی تەمەن ٢٧ ساڵ و پەرویز قاسمی تەمەن ٣٥ ساڵ هەرسێکیان خەڵکی ئورمیە لە بەندیخانەی ناوەندی ئورمیە (بەندیخانەی دەریا) جێبەجێ کرا.
ئەم پێنج بەندکراوە پێشتر کە لە چەندین دۆسیەی جیادا، بە تۆمەتی پەیوندیدار بە مادەی هۆشبەر سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٧ی بانەمەڕ بە مەبەستی جێبەجێ کرانی سزای سێدارە بۆ ژووری تاکەکەسی گوازرابوونەوە.
هەنگاو زانیویەتی، مەنسوور ناسری پێنج ساڵ پێش، ڕامین لەوەندی، پەروین مووسەوی و یووسف سەعیدی چێهرە و پەرویز قاسمی لە چوار ساڵ پێشەوە دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.
هەروەها، ساڵح قاسمی باوکی پەرویز قاسمی و برایەکی ڕامین لەوەندی پێشتر بە هەمان تۆمەت و لە بەندیخانەی ناوەندیی ئورمیە لەسێدارە دراون.
شایانی باسە پەروین مووسەوی لە بەندیخانەدا تووشی شێرپەنجە ببوو و پێشتر باری تەندروستیی ناوبراو باش نەبووە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە