سەرپەرشتیاری دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، زۆرترین ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە ئێران، لە دەروازەی سنووری پەروێزخانەوە بووە.
عەلی ئەسغەر عەباسزادە، سەرپەرشتیاری دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان ئاماژەى بەوەکردووە، لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵدا یەک ملیۆن و 71 هەزار تۆن کاڵا لە گومرگی پەروێزخانەوە ترانزێتکراوە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو 196% زیادیکردووە.
عەباسزادە دەڵێت، لە ماوەی دوو مانگی ئەمساڵدا 893 هەزار تۆن کەلوپەلی لە دەروازەی سنووریی شەهید رەجایی و 474 هەزار تۆن لە گومرگی باشماخ ترانزێت کراوە، لە دوای پەروێزخان پلەکانی دووەم و سێیەمیان گرتووە.
سەرپەرشتیاری دەروازە سنوورییەکانی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوەشکرد، کەلوپەلی سەرەکی هەناردەکردن لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی پارێزگاکە بریتین لە تەختە و ئاسن، کاشی و سیرامیک، سەوزە و میوە، بەردی بیناسازیی، بەرهەمی شیرەمەنی، بەرهەمی پلاستیکی و دەفری یەکجار بەکارهێنراو و ژمارەیەک کەرەستەى دیکە، دەشڵێت: "تەنیا لە ساڵی 2023 کەلوپەل بە بەهای 3.4 ملیار دۆلار لە سنوورەکانی پارێزگای کرماشانەوە هەناردەکراوە.
پارێزگای کرماشان بە کۆی گشتی 371 کیلۆمەتر سنووری هاوبەشی لەگەڵ عێراق هەیە، بەدرێژایی ئەم سنوورە دوو دەروازەی سنووریی فەرمی و پێنج بازاڕی سنووریی هەیە و ساڵانە زیاتر لە سێ ملیار دۆلار کاڵا لەو سنوورانە هەناردەی دەرەوەی پارێزگاکە دەکرێت.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە