پەیامی کورد ... لیوا عەبدۆلخالق سەبارەت بە داعش پەیامێکی گرینگ بڵاو دەکاتەوە
نونێەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە فەرماندەی ئۆپراسیۆنی ھاوبەشی عێراق ڕایگەیاند، داعش چالاکە و ئێستاش داعش مەترسیی جیددییە لەسەر عێراق و چالاکییەکانیشیان لە پێشتر مەترسیدارترن.
لیوا عەبدۆلخالق تەڵعەت، ڕایگەیاند، چالاکییەکانی داعش لە زیادبووندان و کۆتایی یان پێ نەھاتووە، ھەر کاتێک بیانەوێت چالاکی ئەنجام دەدەن و گورز لە ھێزە عێراقییەکان دەوەشێنن، بۆیە پێویستە عێراق و ھەرێمی کوردستانیش زیاتر کار لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی داعش بکەن و کار بۆ نەھێشتنی داعش بکرێت، چوونکە ماوەیەک پێش ئێستا لە سنووری سلێمانییش کردەوەیان ئەنجام دا، بۆیە داعش لە ھەموو شوێنێک بوونی ھەیە و کارەکانیشیان زیاتر پارتیزانین و ئەو کارەش مەترسیدارترە لەوەی ھێرشی ئاشکرا بکەن.
تەڵعەت ووتیشی، ئەو لیژنانەی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە ناوچە کوردستانییەکان درووست کرابوون، ئێستاش کاران و کاری خۆیان دەکەن، ھەفتەی ڕابردووش ئۆپراسیۆنێکی ھاوبەش لەنێوان فەرماندەی ھێزە ھاوبەشەکانی نەینەوا و ھێزەکانی پێشمەرگە ئەنجام درا و لە زۆر شوێن بەردەوامە ئەو ھەماھەنگییە پێویستە زیاتریش بێت، بۆ ئەوەی بتواندرێت باشتر ڕووبەڕووی داعش ببنەوە.
دەشڵێ، دوو لیوای ھاوبەشی پێشمەرگە و سوپای عێراقیش ھەموو رێکارەکانیان تەواو بووە و دەستبەکار بوونە و تەنھا ماوە بەسەر ناوچەکاندا دابەش بکرێن، کە بۆشایی ئەمنین لە نێوان سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەدا.
فەرماندەی ناوەندی سوپای ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا ١٩٦ ئۆپراسیۆنیان لە دژی داعش ئەنجام داوە لە عێراق و سووریا، لە ئەنجامدا ٤٤ چەکداری داعش کوژراون و ١٦٦ چەکداریش دەستگیر کراون، کە لەم نێوەندەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا ھەبوون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە