پەیامی کورد ... زانیاری تازە دەربارەی تۆمارکردنی ناوی نوێ لە بەشە خۆراکی مانگانە
بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند : حکوومەتی عێراق ماوەی سێ ساڵە زیادکردنی ناوی لە بەشە خۆراکی مانگانە ڕاگرتووە و بڕیارە دوای تەواوبوونی پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردن دەرگای تۆمارکردنی ناوی تازە بکرێتەوە، بەڵام ھەر کەسێک کۆچی دوایی بکات ناوەکەی ڕەشدەکەنەوە.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند : نزیکەی سێ ساڵە بە بڕیاری حکوومەتی عێراق تۆمارکردنی ناوی تازە بۆ بەشە خۆراکی مانگانە ڕاگیراوە و تازە نووسراوێکمان بە دەست گەیشتووە جارێ چاوەڕێ بکەین پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی پسوولەی خۆراک دەست پێ بکات و دواتریش دەست بە تۆمارکردنی ناوی تازە دەکرێت و دەرگای خۆتۆمارکردن دەکرێتەوە، ئەمەش بڕیاری حکوومەتی عێراقە.
نەوزاد شێخ کامیل ووتیشی: ژمارەی ئەوانەی زیاد دەکرێن زۆرن، ماوەی سێ ساڵە ئەوانەی لەدایک بوون ناویان تۆمار نەکراوە، بەڵام لە ماوەی ئەو سێ ساڵە ئەوەی کۆچی دوایی کردووە ناویان ڕەش کراوەتەوە.
ووتیشی: بۆ پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی فۆرمی خۆراک کۆمپانیاکان ئامادەکراون و لیژنە دیاریکراون، چاوەڕێ دەکرێت سەردانی شارەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بکەن و دەست بە پرۆسەی بەئەلێکترۆنیکردن بکرێت، دواتریش ناوتۆمارکردن دەست پێ بکاتەوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە