سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان کرد

سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان کرد
پەیامی کورد   ...   سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان کرد

یەکشەممە 11/17، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان ( USKBC) کرد، کە لە نوێنەری ژمارەیەک لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان پێکهاتبوو.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەدا، دەیڤد تافوری، سەرۆکی ئەنجوومەنی بازرگانی ئەمریکا ـــ کوردستان، پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان و ئەنجامەکانی لە سەرۆکی حکوومەت کرد، کە بە شێوەیەکی ئازاد و دیموکراتییانە بەڕێوەچوو، هەروەها کورتەیەکی دەربارەی ئامانجی سەردانەکەیان خستەڕوو. لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان ڕۆڵ و پێگەیەکی گرینگی لە عێراق و ناوچەکەدا هەیە و ئامانج لە سەردانەکەیان دەربڕینی پشتیوانی و پەرەپێدانی پەیوەندی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی حکوومەت وێڕای ئاماژەدان بە گۆڕانکاری و پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و ناوچە و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، باسی لە چاکسازییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد، بە تایبەتی لە بوارەکانی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی و پڕۆژەی (هەژماری من) و کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران.

لە بە شێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، سەرۆکی حکوومەت باسی لە گرینگی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان کرد، کە وەستانی، زیانی چەندین ملیار دۆلاری لە بوودجەی گشتی داوە و پێویستە لە زووترین کاتدا، پرۆسەی هەناردەکردنەوەی نەوت دەست پێ بکاتەوە.

لە کۆتایی دا، سەرۆکی حکوومەت ووڵامی پرسیار و سەرنج و تێبینییەکانی ئامادەبووانی دایەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە