پەیامی کورد ... ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
چوارشەممە 2/11، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆ بووەوە .
لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەدا، دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان، ڕاپۆرتێکی تێروتەسەلی بە داتا و ژمارەی ورد لەسەر سەرژمێری دانیشتووانی عێراق خستەڕوو کە مانگی 11ی ساڵی 2024 ئەنجامدرا و بە گوێرەی ڕاگەێندراوی فەرمی ئەنجامی سەرژمێرییەکە، ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان ( جگە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم) بە 14.1٪ دەستنیشان کرا.
ئەم سەرژمێرییەش، پێشوەختە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوولا ئەنجامدرا کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ پەسەند کرا و حکوومەتی فیدڕاڵ پابەند دەکات بە جێبەجێ کردنی ڕێککەوتننامە و بڕیارەکانی خودی ئەنجوومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ، کە بەداخەوە وەزارەتی پلاندانانی فیدڕاڵ، لە دەرەوەی ئەو بڕیارانە و پێچەوانەی ڕێكکەوتنی هاوبەشی هەردوو حکوومەتی هەرێم و فیدڕاڵ، ڕەفتاری کردووە لەگەڵ دەرئەنجامی فەرمی سەرژمێرییەکە، کە ئەمەش کاریگەری نەرێنی دەبێت لەسەر شایستەکانی هەرێمی کوردستان و پێویستی بە ڕێکاری بە پەلە هەیە بۆ ڕاستکردنەوەی.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و خستنەڕووی چەند سەرنج و تێبینیەک لەسەر بابەتی سەرژمێری و لێکەوتەکانی، ئەنجوومەنی وەزیران، وێرای دەستخۆشی لە وەزیری پلاندانان بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتەکە، دەستکاریکردنی ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵەوە ڕەت دەکاتەوە و هەنگاوی پێویستیش دەگرێتە بەر بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵە و دەستکاریکردنەکان و داواش لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ڕێککەوتنە هاوبەشەکان و ئەنجامی فەرمی ڕاگەێندراوی سەرژمێرییەکە کە ڕێژەی هەرێمی کوردستان %14.1ە .
لە هەمان کاتدا، ئەنجوومەنی وەزیران داوا لە سەرۆکایەتی کۆمار و فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات، وەک ئەرکێکی دەستووری و یاسایی و نیشتمانی خۆیان ، بەرگری لە مافەکانی خەڵکی کوردستان بکەن و ڕێگە نەدەن دەستکاری ئەنجامەکانی ئەم سەرژمێرییە بکرێت و نابێت قبووڵی بکەن ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم لە ڕێژەی فەرمی ڕاگەێندراوی خۆی کەم بکرێتەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەروەها داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات پابەند بێت بە ئەنجامی سەرژمێرییەکە و ڕێژەی دانیشتووانی هەرێم کە %14.1ە ، بکرێتە بنەما بۆ دەستنیشان کردنی بەشە بوودجەی هەرێمی کوردستان و شایستە دەستوورییەکانی.
پاشان لە بڕگەی دووەمی کارنامەکە، گفتوگۆ لەبارەی بابەتی پەسەندکردنی کۆنووسی لەیەکترگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و دەزگای زیندانیانی سیاسی عێراق کرا تایبەت بە یەکخستنی ئیمتیازات و شایستە داراییەکانی زیندانییان و گیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، پشت بەستن بە ماددەی 132ی دەستوور و یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2025 ی هەمواری یاسای زیندانییانی سیاسی عێراق، لەمبارەیەوە سەرەتا عەبدۆڵڵا حاجی مەحموود وەزیری کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، پوختەیەکی بابەتەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران خستەڕوو و دواتریش ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ووردەکاری دەستووری و قانونی و لایەنی دارایی بابەتەکەی خستەڕوو.
ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیری لەهەر هەنگاوێک دەکات بە ئاراستەی خزمەتکردنی زیاتری زیندانییان و ڕاگیراوانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و سوودمەندبوونیان لە هەمان شایستەی دارایی و ئیمتیازاتی هاوتاکانیان لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، لە هەمان کاتدا جەختکرایەوە لە ڕەچاوکردنی تایبەتمەندییە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و داڕشتنی میکانیزمی پێویست بۆ زامنکردنی خەرجکردنی ئەو شایستە داراییانە بۆ زیندانیان و گیراوانی سیاسی کە بە گوێرەی ماددەی 132 ی دەستوور ، ئەرک و بەرپرسیارێتی دەستووریی حکومەتی فیدڕاڵیە بە یەک چاو سەیری هەموو زیندانیانی سیاسی بکات لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆ ئەم مەبەستە، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان ڕاسپێردرا کە درێژە بە گفتوگۆ و کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ دەزگای زیندانییانی سیاسی عێراق بدەن بۆ دەستنیشان کردنی میکانیزم و چوارچێوەی ڕوون و دیار بۆ جێبەجێکردنی ئەم بابەتە بە ڕەچاوکردنی ئەو سەرنج و تێبینیانەی لە کۆبوونەوەکە خرانەڕوو.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە