پەیامی کورد ... دانیشتنی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ ڕەوتی سەدر
ئەمڕۆ هەینی، شاندی باڵای حکومەتی هەرێم لەگەڵ دەستەی سیاسی رەوتی سەدر لە بەغدا کۆبووەوە. بەپێی راگەیهندراوی کۆبوونەوەکە، دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر جەختیکردووەتەوە، سامانی عیراق هی هەموو عیراقییەکانە بە هەرێمی کوردستانیشەوە.
شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و لایەنە عیراقییەکان بۆ رێککەوتن لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.
نەسار روبەیعی، سەرۆکی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر لە کۆبوونەوەکەدا جەختیکردووەتەوە، سامانی عیراق هی هەموو عیراقییەکانە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەروەها پشتیوانی خۆیان دەربڕیوە بۆ چارەسەرکردنی یاسایی و دەستوورییانەی کێشەکان کە لە بەرژەوەندیی هەموواندا بێت و ببێتەهۆی بەدیهێنانی دادپەروەری.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانیش ئاماژەی بەوە کردووە، مەبەستیانە پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەهێزتر بکەن و چارەسەری دەستووریی بۆ پرسە داراییە هەڵپەسێردراوەکان بدۆزنەوە. "هەروەها ئامادەیی هەرێمی کوردستانی پێشاندا بۆ پابەندبوون بە ناوەڕۆکی یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی دارایی كە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەرچووە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە