پەیامی کورد ... مەسروور بارزانی سەردانی شاری زاخۆ دەکات و لە گەڵ بەرپرسانی ئیداری و کەسایەتییەکانی شارەکە کۆدەبێتەوە
ئەمڕۆ سێشەممە 2020/7/21 مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری زاخۆی کرد و لە باڵاخانەی قایمقامیەتی زاخۆ، لە گەڵ بەرپرسانی ئیداری دەڤەرەکە کۆبووەوە .
لە کۆبوونەکەدا سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بە گرینگی و رۆڵی مێژوویی و شۆڕشگێڕانەی شاری زاخۆ و سنوورەکە بە گشتی و قوربانیدانەکانی کرد لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و گوتی، شاری زاخۆ هاوشان لە گەڵ ناوچە و دەڤەرەکانی دیکەی کوردستان، شایستەی خزمەتکردنی زیاترە و هەرچی لە تواناماندا بێت دەیکەین بۆ خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە.
سەرۆکی حکوومەت بەرپرسانی ئیداری دەڤەرەکەی ڕاسپارد کە بە بێ هیچ جیاوازییەک، خزمەتی هاووڵاتییان بکەن و داخوازیی و سەرنج و تێبینی و گازاندەکانی هاووڵاتییان بە سینگێکی فراوانەوە وەربگرن.
پاشان سەرۆکی حکوومەت لە گەڵ کەسایەتییەکانی شاری زاخۆ و کەس وکاری شەهیدانی دەڤەرە کۆبووەوە و ئاماژەی بە کارنامە و پلانەکانی حکومەت کرد بۆ خزمەتکردنی ناوچە و دەڤەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی داهات و ئەنجامدانی چاکسازیی هەمەلایەنی کارگێڕی و ئابوورری.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە یەکێک لە کارە لە پێشینەکانی حکوومەتی هەرێم ، گرینگیدانە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و پشتگیریکردنی جووتیارانی هەرێمی کوردستان و بەرووبوومی ناوخۆییە بە شێوەیەک کە کۆمەڵگەی کوردستان لە بەکارهێنەرەوە ببێتە بەرهەمهێنەر.
سەرۆکی حکوومەت بڕیاری ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی لە سنووری قەزای زاخۆ ڕاگەیاند کە بە پێی توانا داراییەکانی حکومەتی هەرێم بەم نزیکانە دەست بە جێبەجێ کردنیان دەکرێت. ووتیشی کار دەکەین بۆ ئەوەی هەنگاوەکانی کردنی زاخۆ بە ئیدارەیەکی سەربەخۆ خێراتر بکەین .
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە