لە کەرکووک سێ کاتژمێر دەرفەت دراوە بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز

لە کەرکووک سێ کاتژمێر دەرفەت دراوە بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز

پەیامی کورد... لە کەرکووک سێ کاتژمێر دەرفەت دراوە بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز

گوشارەکان لەسەر هاووڵاتییانی کوردی کەرکووک لەلایەن ئیدارە و گرووپە چەکدارە سەپێندراوەکانەوە زیاتر دەبێت، لە سایەی ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووکدا تەنیا سێ کاتژمێر دەرفەت دراوە بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگی جەژنی نەورۆز کە بڕیارە لەسەر قەڵای کەرکووک بەڕێوە بچێت.

بەپێی نووسراوێکی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک ڕەزامەندییان نیشان داوە لەسەر بەڕێوەچوونی ئاهەنگ بە بۆنەی جەژنی نەورۆزەوە لە کاتژمێر 4ی ئێوارە تاکوو کاتژمێر 7ی ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممەی داهاتوو 20/3/2022 بەبێ بەرزکردنەوەی دروشمی نەتەوەیی و نابێت لە داهاتووشدا ئاهەنگی هاوچەشن بگێڕن.

ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەسەر ئەو نووسراوەی پارێزگاری سەپێندراوی کەرکووک ناڕەزایی خۆیان دەربڕیوە و بەشێکیان لە ئەکاونتەکانیان لە فەیسبووک ئاماژەیان بۆ ئەوە کردووە کە پارێزگار سووکایەتی کردووە لەسەر ئەوەی کە تەنیا سێ کاتژمێر ڕێگە بدەن خەڵک ئاهەنگ و خۆشی بگێڕن بە بۆنەی نەورۆزەوە.

چالاکوانێک بە ناوی زیاد ئیدارە لە ئەکاونتی خۆی لە فەیسبووک نووسیویەتی، گەڕاینەوە کاتی بەعس و دەبێت هیچ پەرلەمانتارێک ئەمە قبووڵ نەکات کە پارێزگاری داسەپێندراو بە ئاشکرا هەڕەشە دەکات، نابێت لە داهاتوو ئاهەنگ بگێڕن بە بۆنەی نەورۆزەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە