پەیامی کورد... لە رۆژهەڵاتی کوردستان گەڕان بە دوای سێ شاخەوانی بێسەروشویندا بەردەوامە
سەرەڕای بارینی بەفرێکی زۆر سێ شاخەوانی شاری نەغەدەی رۆژهەڵاتی کوردستان ماوەی سێ رۆژە لە بەرزاییەکانی "ڕەندۆڵە"ی شنۆ بێسەر و شوێنن.
دوای ئەوەی هەواڵی بێ سەروشوێن بوونی ٥ شاخەوانی خەڵکی نەغەدە لە بەرزاییەکانی کێوی ڕەندۆڵەی شنۆ بڵاو بووەوە. خەڵکی ناوچەکە و فریاگوزارانی شنۆ دەستیان بە گەڕان کرد و لە ئاکامدا رۆژی یەکەم دووکەس لە شاخەوانەکان دۆزرانەوە و سێ شاخەوانەکەی دیکە هەروا بێ سەروشوێنن.
بە گوێرەی سەرچاوان دەڵێن ئەم سێ شاوخەوانە کەوتوونەتە ژێر بارستایی ڕنووی بەفر و لەبەر ئەمەیە دؤزینەوەیان ئەستەم بووە.
ئەمە لە کاتێکدایە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا لە نێوان ٣٠ بۆ ١٠٠ ملیمەتر بەفر لە شارەکانی پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان باریوە و ئێستاش بەفربارین بەردەوامە.
پەیوەندییە گشتییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی پارێزگای سنە ڕایگەیاندووە، بەهۆی سەرما و شەختە و بەردەوامیی بارینی بافرەوە هەموو قوتابخانەکانی هەردوو ناحیەی سەرشیو و کۆماسی سەر بە قەزای مەریوان داخراون.
هاوکات ئاماژە بەوەش دراوە قوتابخانە بنەڕەتییەکانی شار و گوندەکانی سەر بە قەزای دیواندەرەوە بەهۆی بەردەوامیی کڕێوە و شەختەوە داخراون.
بارینی بەفر لە ڕۆژی شەممەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستی پێ کردووە و لە پارێزگای ورمێش قوتابخانەی گوندەکانی چالدێران، قوتول، سەفاییە، شنۆ و سلیڤانا داخراون.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە