پەیامی کورد... یەکەم یەکەی سەربازی ئەمریکا گەیشتە ئەورووپا
بە ئامانجی پشتیوانی سەربازیی ئەندامانی ناتۆ لە ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دژی ڕووسیا، یەکەم یەکەی سەربازیی ئەمریکا گەیشتە ئەڵمانیا.
فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا، لە ڕاگەیەنراوێکدا، بڵاوی کردەوە، کە یەکەی (18) ی هێزی ئاسمانی ئەمریکا ڕۆژی هەینی گەیشتوونەتە بنکەی سەربازیی "ویسبادن" لە نزیک شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا.
فەرماندەییەکە، ڕاشیگەیاند؛ لە بنکەی "ویسبادن" بڕیارگەیەکی فەرماندەیی دادەمەزرێت، بۆ پشتیوانی لە هەزار و (70) سەربازی هێزی ئاسمانی ئەمریکا، کە بڕیارە ڕەوانەی پۆڵەندا بکرێن.
فەرماندەیی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا لە ئەورووپا ئاماژەی بەوەشدا، ئەم یەکەیە، یەکەم بەشە لەو سێ هەزار سەربازە کە بەپێی بڕیاری وەزارەتی بەرگریی و فەرمانی سەرۆکی ئەمریکا، بڕیارە بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی ناتۆ لە ئەورووپا جێگیر بکرێن.
هەروەها، بەپێی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بڵاوی کردووەتەوە، یەکەیەکی زرێپۆش کە هەزار سەربازیش لە خۆ دەگرێت و لە ئێستادا لە نزیک شاری 'ویلسک'ی ئەڵمانیا جێگیرن، بەم زووانە دەنێردرێن بۆ ڕۆمانیا.
لە سەروبەندی گرژییەکانی ڕووسیا و ناتۆ لەسەر ئۆکراینا، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا فەرمانی ناردنی سێ هەزار لە سەربازەکانی بۆ ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا دەرکرد
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە