ئەمڕۆ شەممە 11-5-2024 محەممەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە وەبەرهێنانی کەرتی نەوت و غاز رایگەیاند،"عێراق لە ئێستادا هەوڵێکی گشتگیر و چڕی داوە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی وەبەرهێنان لە کەرتی غاز و نەوتدا و بۆ ئەو مەبەستەش 29 کێڵگەی نوێ لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق درووست دەکرێت".
ئاماژەی بەوەش دا،"سەرجەم ئەو گرێبەستانەی کە ئەنجامدراون بۆ فراوانکردنی ژێرخانی ئابووری و سەرمایەی عێراق بووە و لە 10 ساڵی داهاتووشدا ئاستی وەبەرهێنانی کەرتی نەوت بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر داهاتووی ئابووری عێراق درووست دەکات".
ئەوەشی خستەڕوو،"خەرجی وەبەرهێنان لەم ساڵدا 20 ترلیۆن دینار دەبێت کە تایبەت دەبێت بە بەگەڕخستنی وەبەرهێنان لە کەرتی غاز و نەوتدا".
دەشڵێت،"هەوڵ دەدرێت لە ماوەی سێ بۆ پێنج ساڵی داهاتوودا بەتەواوی ڕێگە لە سووتانی غاز بگیرێت".
سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند،"عێراق لەبەردەم ئەزموونێکی نوێدایە بۆ پاراستنی ژینگە و ڕێگەگرتن لە پیسبوونی ژینگە، چونکە ژینگە ئایندەیەکی گرنگ و نوێ دەبێت بۆ داهاتووی عێراق".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە