پەیامی کورد... دەستبەسەرکرانی لانی کەم ٧ هاووڵاتی لەشاری سەقز
سامان پاشایی، شاهۆ ساڵحی، کامیاب ئەسڵی، کاوە حیجازی و دوو برا بە ناوەکانی ئازاد مورادیان و ئەفخەم مورادیان، شەش هاووڵاتیی خەڵکی شاری سەقز، لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە. هەروەها کورش فاروقی، هاوکات لەگەڵ ئەو شەش هاووڵاتییەدا دەستبەسەر کراوە و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ ڕۆژی پێنجشەممە، پووشپەڕی ٢٧٢٣ (٢٨ی ژوئەنی ٢٠٢٣)، لانی کەم حەوت هاووڵاتی بە ناوەکانی سامان پاشایی، شاهۆ ساڵحی، کامیاب ئەسڵی، کاوە حیجازی، ئازاد مورادیان، ئەفخەم مورادیان و کورش فاروقی کە هەموویان خەڵکی شاری سەقز بوون، لەم شارەدا دەستبەسەر کراون و دواتر تەنیا کورش فاروقی، خوشکەزای ئازاد و ئەفخەم مورادیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراوە و تاکوو ئێستا چارەنووسی شەش کەسەکەی دیکەیان ناڕوونە.
بەپێی زانیارییەکان، سامان پاشایی، شاهۆ ساڵحی، کامیاب ئەسڵی، کاوە حیجازی و ئازاد و ئەفخەم مورادیان بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگەی ناوەندە حکوومەتییەکانی شاری تاران گواستراونەتەوە.
تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر ئەو تۆمەتانەی کە دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییانە و هەروەها چارەنووسی ئەو شەش کەسە پاش دەستبەسەربوونیان لەلایەن هێزە حکوومەتییەکاەوە لە بەردەستدا نییە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە