پەیامی کورد … ژمارەی كۆچبەران لە عێراق بۆ ٣٧ ھەزار كەس كەم بووەتەوە
وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕایدەگەیەنێت: بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی كۆچبەران لە دوای ٢٠١٤ لە ٧٥٠ ھەزار كەسەوە بۆ ٣٧ ھەزار كەس كەمبووەتەوە.
لەمبارەیەوە بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، كەریم نوری لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە كە لەئێستادا، ژمارەی كەمپەكانی كۆچبەران لە ھەرێمی كوردستان، ٢٦ كەمپە كە ١٦یان لە دھۆك، شەشیان لە ھەولێر و چوارەكەی دیكەیش لە سلێمانیین و گوتی:
"بەپێی دوایین ئامار، ژمارەی كۆچبەران لە عێراق لە دوای ٢٠١٤وە لە ٧٥٠ ھەزار كەس بۆ ٣٧ ھەزار كەس كەمبووەتەوە كە لەو ژمارەیە ٣٠ ھەزاریان لە كەمپەكانی ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن و حەوت ھەزارەكەی دیكەیش لە كەمپی فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار و كەمپی جدعە لە پارێزگای نەینەوا، نیشتەجێن".
كەریم نوری گوتیشی: "زۆربەی كۆچبەرانی قەزای شنگال و ناوچەكانی دەورووبەری لە كەمپەكانی ھەرێمی كوردستان نیشتەجێن".
باسی لەوەشكردووە كە لە میانی ئەم چەند مانگەی دواییدا، ژمارەیەكی زۆر لە كۆچبەران گەڕاونەتەوە و ٥٠ ھەزار كەمپیش داخراون و گوتی:
"ژمارەیەك لە كۆچبەران لەو ناوچانە نیشتەجێبوون كە وەك كۆچبەر روویان تێكردووە و ژمارەیەكی دیكەیشیان گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، بەڵام ئاوارەكانی سووریا لە كەمپێكی تایبەتدا لە ھەرێمی كوردستان كە لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق دایە، نیشتەجێن".
بریكاری وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، كەریم نوری راشیگەیاندووە كە ھەوڵدەدەن كۆچبەران بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان نەوەك بە زۆرەملێی و خزمەتگوزارییەكان بۆ دابین بكەن و گوتی:
"بەھۆی بوونی ناكۆكی كۆمەڵایەتیی و پرسی ئەمنیی یان نەبوونی خزمەتگوزاریی، ھیچ ئاوارەیەك بە زۆرەملێ ناگەڕێندرێتەوە زێدی خۆی، لەبەر ئەوە لەگەڵ رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ھەوڵدەدەین ئاستەنگەكانی بەردەم گەڕاندنەوەی كۆچبەران لاببەرێن و بە ئارەزوومەندانە بیانگەڕێننەوە زێدی خۆیان".
كەریم نوری سەبارەت بە حاڵەتەكانی تووشبوون بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەمپەكاندا، رایگەیاند كە ژمارەیەكی كەم لە كۆچبەران لە كەمپەكاندا تووشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بوون، بەڵام ھیچ حاڵەتێكی گیانلەدەستدان بە ڤایرۆسەكە لە كەمپەكاندا تۆمارنەكراوە و گوتی: "ئەو كۆچبەرانەی كە لە كەمپەكاندا بۆ وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنا، خۆیان تۆماركردووە، دۆزی یەكەم و دووەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرتووە".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە