پەیامی کورد ... ئەمریکا ٢٠٠ ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دەنێرێتە ڕووسیا
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوکاری بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ڤیرووسی کۆرۆنا ، ٢٠٠ ئامێری هەناسەدانی دەستکردی بە شێوەی خۆڕایی بۆ ڕووسیا دەنێرێت .
بە پێی ڕاپۆرتێک ، سەرچاوەیەکی پلە باڵای دەوڵەتی ویلایەتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند : وەکوو ووڵامدانەوەیەک بە داواکارییەکەی هاوکاری سەرۆککۆماری ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین ، سەرۆککۆمار دۆناڵد ترامپ پێشنیاری دیاری و هەناردەکردنی ٢٠٠ ئامێری هەناسەدانی دەستکردی بۆ خەڵکی ڕووسیا خستە ڕوو .
هەروەها کۆشکی سپی دەربارەی هەناردەکردنی ئامێرەکانی هەناسەدانی دەستکرد کە بڕیار وایە لە دوو قۆناغدا بنێردرێت ووتوویەتی : لە بەرواری ٢٠ ی مەی ٥٠ ئامێر دەنێردرێت ، ئامیرەکانی دیکەش لە بەرواری ٢٦ی مەی ڕەوان دەکرێن .
نەخۆشی گشتگیری کۆرۆنا تا ڕادەیەکی بەرفراوان گەیشتووەتە هەموو ووڵاتانی جیهان . بە پێی ئاماری ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی ، نزیکەی ٤ و نیم میلیۆن کەس لە سەرتاسەری جیهان دا بەم ڤیرووسە گیرۆدە بوونە کە لە نێوانیاندا نزیک بە ٣٠٦ هەزار کەس گیانی خۆیان لە دەستداوە .
لە ڕووسیا تاکوو ئێستا ٢٩٠٦٧٨ حاڵەتی تووشبوون بەم نەخۆشییە تۆمار کراوە کە لەوانە لە کۆی گشتی ٢٧٢٢ کەس بوونەتە قوربانی و زیاتر لە ٧٠ ٪ نەخۆشەکانیش چاک بوونەتەوە .
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە