خاڵی ژینا ئەمینی سزای زیاتر لە پێنج ساڵ بەندکردنی بۆ دەرچوو

خاڵی ژینا ئەمینی سزای زیاتر لە پێنج ساڵ بەندکردنی بۆ دەرچوو

پەیامی کورد... خاڵی ژینا ئەمینی سزای زیاتر لە پێنج ساڵ بەندکردنی بۆ دەرچوو


خاڵی (ژینا ئەمینی) کە لە ڕۆژانی نزیک لە ساڵیادی کوژرانی ژینا، لە شاری سەقز و لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستگیر کرابوو، لەلایەن دەزگای دادوەریی ئێرانەوە، سزای 5 ساڵ و 4 مانگ و 17 ڕۆژ بەندکردنی بۆ دەرچوو.

بەپێی ڕاپۆرتێک، كە رێکخراوی (هەنگاو) بڵاوی کردووەتەوە، لە ڕۆژانی ڕابردوودا، (سەفا عائیلی)ی تەمەن 30 ساڵ، لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی شاری سەقز، بە سەرۆکایەتیی دادوەر جەواد مستەفایی، بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای 3 ساڵ و 6 مانگ و 1 ڕۆژ بەندکردن، بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغیی دژ بە حکوومەت" و سزای 7 مانگ و 16 ڕۆژ بەندکردن بە تۆمەتی "بێڕێزیکردن بە خامنەیی" و سزای 15 مانگ و 1 ڕۆژ بەندکردن، كە سەرجەم دەكاتە (5 ساڵ و 4 مانگ و 17 ڕۆژ) بەندکردنی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ئەو بەڵگانەی بەدەست ڕێكخراوەكە گەیشتوون، قورسترین سزا، واتە سزای 3 ساڵ و 6 مانگ و 1 ڕۆژ بە هەژمارکردنی ڕۆژانی پێشووی دەستبەسەرکرانی بەسەردا جێبەجێ دەکرێت و سەفا عائیلی بۆ ماوەی دوو ساڵ لە چوونە دەرەوە لە ئێران قەدەغە دەكرێت.

سەفا عائیلی، ڕۆژی سێشەممە 5ی9ی2023 لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵەکەی و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژی، دەستبەسەر کرا و لەئاکامدا دوای تێپەڕکردنی 42 ڕۆژ دەستبەسەرکردن و بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و 200 ملیۆن تومەن، هەتا کاتی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی، لە بەندیخانەی ناوەندی سنە ئازاد کرا.

ساڵێك پێش ئێستا، پۆلیسی ئەخلاقی ئێران، كچە گەنجێكی كوردی بە ناوی (ژینا ئەمینی)، بە بیانووی نەپۆشینی سەرپۆشەوە دەستگیر كرد، پاشان گیانی لەدەست دا و كەسوكارەكەی و چالاكوانان ڕایانگەیاند، كە لەژێر ئەشكەنجەدا كوژراوە، ئەمەش ناڕەزایەتییەكی زۆری لەناو ئێران و سەرانسەری جیهان بەدوای خۆیدا هێنا.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە