بەپەلە ... یەکیتی جارێکی دیکە خیانەتی لە گەل و نیشتمان کرد و لەچەند بابەتێکی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت پاشگەز دەبێتەوە

بەپەلە   ...   یەکیتی جارێکی دیکە خیانەتی لە گەل و نیشتمان کرد و لەچەند بابەتێکی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت پاشگەز دەبێتەوە

پەیامی کورد   ...    دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هەندێک لایەن دەیانەوێت دەستوەردان لە کاری حکومەتی هەرێمی کوردستاندا بکەن، دەشڵێت، "یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەچەند بابەتێکی رێککەوتنی پێکهێنانی حکومەت پاشگەزبوەتەوە".

ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەڵامی لێدوانەکانی هەفتەی رابردووی لەتیف شێخ عومەر، ووتەبێژی یەکێتی دایەوە و رایگەیاند، "یەکێتی وەک لایەنێکی سەرەکی هاوبەش لە حکومەت، دەتوانێت سەرنج و تێبینیەکانی خۆی کە تایبەتن بە بابەتە سیاسییەکان، لەگەڵ سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان تاوتوێ بکات، بەڵام ئەو تێبینیانەی، کە بەڕێزیان ئاماژەی پێدان و پەیوەستن بە حکومەتەوە، پێمانخوشە روونکردنەوەی پێویستیان لەبارەوە بدەین".

ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی ئەو بەرنامە و ئەجندایەیە کە پێشکەشی پەرلەمان و خەڵکی کوردستانی کردوە، کە ئەجندایەکی هاوبەشی هەمو لایەنە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەتە، بۆیە داواش لە  هەمو حیزبەکان و خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەین کە پشتیوانی حکومەت بن بۆ جێبەجێکردنی کارنامەکەی و ئەنجامدانی چاکسازی بۆ ئەوە بتوانێت بە بێ جیاوازی  خزمەتی هەموو هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بکات". 

باسی لەوەشکرد، "بەداخەوە مەکتەبی سیاسی هێندێک لە حیزبەکان بە پێچەوانەی دروشمەکانیان،  لە کاتێکدا داوا دەکەن حیزبەکان دەست لە کاروباری حکومەت وەرنەدەن، بەڵام کاتێک بەرژەوەندییەکانی خۆیان دێتە بەر باس، بە هەمو شێوەیەک فشار لە سەر حکومەت دروست دەکەن و دەستێوەردان لە ئیشوکاری دەکەن و مەرج بۆ چۆنێتی ئیشکردنی حکومەت دادەنێن".

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتیشی، "یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەبەر هەر هۆکارێک بێت تا ئێستا تەواوی کاندیدەکانی خۆی بۆ ئەو پۆستانەی تائێستا ماون دیاری نەکردوە، تا حکومەت بەپێی رێککەوتنەکان دایانبمەزرێنێت، هیوادارین یەکێتی بتوانێت تەواوی کاندیدەکانی خۆی یەکلایی بکاتەوە بۆ ئەو پۆستانەی بەریان دەکەوێت".

ئومێد سەباح راشیگەیاند، "سەبارەت بە دانانی یاریدەدەرەکانی سەرۆک وەزیران، ئەم بابەتە لە دەسەڵاتی سەرۆک وەزیرانە و هیچ دەقێکی یاساییش نییە لە یاسای ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە (3) لە ساڵی 1992 هەموارکراو یان لە پەیڕەو ی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (1) 2006 هەموارکراو، کە  ڕێگری بکات لەوەی کە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران  یاریدەدەری هەبێت، هەروەها یاریدەدەرەکان بە هیچ شێوەیەک بەدیلی وەزیرەکان نین".

روونیشیکردەوە، بەپێچەوانەوە ئەو یاسانەی هەن یارمەتیدەر و ئاسانکاریی بەڕێوەچونی کارەکان دەکەن، ئەمەش بە هیچ شێوەیەک کارێکی نایاسایی نییە، بەپێچەوانەوەی "ئەو پروپاگەندانەیە کە  گوایا حکومەتێکی بچووککراو لە ناو حکومەتدا درووست کرابێت".

ئومێد سەباح ئەوەشی خستەڕو، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی و وزیری پلاندانان کە ئەندامی ئەنجومەنی نەوت و گازن،  لە هەمو وردەکارییەکانی پڕۆسەی نەوت وگاز لە هەرێم  ئاگادارن، لەلایەکی دیکەوە لە کۆبونەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لە کاتی دانوستاندن بۆ پێکهینانی کابینەی نۆیەم، هەردولا رێککەوتن لە سەر ئەوەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران ببێت بە ئەندامی ئەنجوومەنی نەوت وگاز، بەڵام  یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەو بابەتە پاشگەزبوەتەوە. 

سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران وتیشی، "دوپاتی دەکەینەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دژی گرتنی هاوڵاتییانە لە سەر بیروڕای سیاسی و پێویستە لە هەمو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان خەڵک لە سەر بیروبۆچوونی سیاسی دەستگیر نەگرێت،  لەمبارەیەشەوە حکومەت پابەندە بەوەی کە نابێت کەس لە سەر بیروڕای سیاسی بگیرێت".

باسی لەوەشکرد، "لە هەمانکاتدا ئەگەر کەسێک تاوانێک ئەنجام بدات، بێگومان ڕوبەڕوی یاسا دەکرێتەوە، ئەندامبونیشی لە لایەنێکی سیاسی، پارێزبەندی بەرامبەر بە یاسا پێ نابەخشێت".
ئومێد سەباح ئەوەشی وت، سەبارەت بەوەی گوایە لە کابینەی نۆیەمدا نوێنەرایەتی حکومەت لە بەغدا وەک ناوەندێک لە ئاستی وەزارەت دروست کراوە، راستییەکە ئەوەیە کە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە ساڵی 2006 ەوە  دامەزراوە  و، لەو کاتەوەش سەرۆکەکەی بە پلەی وەزیرە، ئەوەی ئێستاش کراوە تەنیا پرکردنەوەی ئەو پۆستە، چالاککرنەوەی ئەو دەزگایەیە. 
دەشڵێت، "سەبارەت بەوەی گوایە دەبو وەزیرێکی هەرێم بۆ کاروباری پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا دەستنیشان بکرێت،  بۆ ئاگاداری هەمو لایەک، هیچ دەقێکی وا نییە لە ڕێکەوتنەکانی پێکهینانی کابینەی نۆیەم، کە وەزیرێکی هەرێم هەبێ بو کاروباری بەغدا، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، لە روانگەی باوەڕبوونی بە تواناکانی خالد شوانی، د کە وەکو وەزیری هەرێم بۆ سەرجەم کاروباری دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەستبەکار بێت".
ئومێد سەباح سەبارە بە پشکی لایەنەکان وتی، "ئەگەر باسی پشکی لایەنە سیاسییەکانیش بکەین لە پۆستەکانی حکومەت کە سەرجەم داتاکان لە بەر دەستن، ڕێژەی هەندێک لایەن لە پۆستە کارگێرییەکان (بریکاری وەزیر، راوێژکار ، بەڕێوەبەری گشتی) زۆر زیاترە لە ئیستحقاقی ئینتخابی و ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمانی کوردستان".

جەختیشیکردەوە، سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران بە "رۆحییەتێکی ئیجابی و بنیاتنەرانە و وەک یەک تیم کار دەکەن، و بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیرانیش بە کۆی دەنگ دەردەچن"، بۆیە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن کە هاندەر وپاڵپشتی ئەو کەشە ئیجابیە بکەن کە لە کابینەی نۆیەمدا لە ئارادایە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە