وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران رایگه‌یاند كه به شێوه‌ی پێویست وه‌ڵامی بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌یان له دیمه‌شق ده‌ده‌نه‌وه.
ئه‌مڕۆ دوو شه‌ممه 8ی نیسانی 2024، حسێن ئه‌میر عه‌بدولـله‌هیان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له دیمه‌شقه‌وه، سه‌باره‌ت به بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كونسڵخانه‌ی ئێران له پایته‌ختی سوریا، هه‌مان لێدوانی به‌رپرسانی له تاران دووباره كردووه و ده‌ڵێت: "ئیسرائیل وه‌ڵامی پێویست، بۆ هێرشه‌كه‌ی سه‌ر كونسڵخانه‌كه‌مان له دیمه‌شق وه‌رده‌گرێت".
ئه‌مریكا به‌رپرسه
هه‌روه‌ها باسی له‌وه كرد ئیسرائیل به بۆردومانكردنی كونسوڵخانه‌ی ئێران له دیمه‌شق، یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی پێشیلكردووه و ئه‌مریكاش به‌رپرسه له بۆردومانكردنی كونسوڵخانه‌كه.
لای خۆیه‌وه فه‌یسه‌ڵ ئه‌لمیقداد وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوریا، رایگه‌یاند كه بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كونسوڵخانه‌كه‌ی ئێران له دیمه‌شق "ده‌ستدرێژییه‌كی ترسناكه" و "ئیسرائیل هه‌مو به‌هاكانی پێشێلكردووه".
باره‌گایه‌كی نوێ
دوای هه‌فته‌یه‌ك له بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل كه بووه هۆی وێرانكردنی باره‌گای كونسڵخانه‌ی ئێران له پایته‌ختی سوریا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 8ی نیسانی 2024، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران به یاوه‌ری هاوتا سورییه‌كه‌ی، بینایه‌كی نوێی بۆ به‌شی كونسوڵگه‌ری له باڵیۆزخانه‌ی ئێران له دیمه‌شق كرده‌وه. وه‌ك ئه‌وه‌ی وێنه‌گره‌كه‌ی فرانس پرێس ئاماژه‌ی پێداوه.
باره‌گا نوێیه‌كه ته‌نها ده‌یان مه‌تر له باره‌گا كۆنه‌كه‌وه دووره كه به‌هۆی بۆردومانه‌كه‌وه، له ناوچه‌ی ئه‌لمه‌زه-ی دیمه‌شق ته‌ختی زه‌وی ببوو.
به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران، له سه‌ردانێكیدا گه‌یشته فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی دیمه‌شق، به مه‌به‌ستی ئه‌نجامدانی دانوستان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی سوریا و تێیدا چاوی كه‌وت به هاوتا سورییه‌كه‌ی، به گوێره‌ی میدیاكانی ناوخۆی سوریا، بڕیاره به‌شار ئه‌سد سه‌رۆكی سوریاش ببینێت.
تاران چه‌ندینجار به‌ڵێنیداوه وه‌ڵام ده‌داته‌وه
سه‌ردانه‌كه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران بۆ سوریا، له چوارچێوه‌ی گه‌شتێكیدایه بۆ ناوچه‌كه كه رۆژی یه‌كشه‌ممه 7ی نیسانی 2024، له شانشینی عومان-ه‌وه ده‌ستیپێكرد و گه‌شته‌كه‌ی له چوارچێوه‌ی ئه‌و گرژییانه‌دایه كه به‌هۆی بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر كونسڵخانه‌ی ئێران له دیمه‌شق، له به‌رواری 1ی نیسانی رابردوو، هاتوونه‌ته ئاراوه.
تاران به‌ڵێینداوه وه‌ڵامی ئه‌و هێرشه بداته‌وه كه بووه هۆی كوشتنی 7 ئه‌ندامی سوپای پاسداران، له وانه دوو كوژراویان ئه‌فسه‌ری پله باڵان.
كۆی كوژراوه‌كانی بۆردومانه‌كه
به گوێره‌ی ئاماری روانگه‌ی سوری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، كۆی كوژراوانی بۆردومانه‌كه، به‌رزبووه‌ته‌وه بۆ 16 كوژراو. له نێو كوژراوه‌كان محه‌مه‌د ره‌زا زاهیدی هه‌یه، كه دیارترین سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی ئێرانه. زاهیدی دوای جه‌نه‌ڕاڵ قاسم سلێمانی فه‌رمانده‌ی سوپای قودسه، كه له مانگی كانونی دووه‌می ساڵی 2020، له بۆردومانی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له به‌غداد كوژرا، ده‌كرێته ئامانج.
باڵیۆزخانه‌كانی ئیسرائیل چیتر سه‌لامه‌ت نین
له‌گه‌ڵ په‌ره‌سه‌ندنی بارگرژییه‌كان، راوێژكاری رابه‌ری ئێران و فه‌رمانده‌ی پێشوی سوپای پاسداران، هۆشداریدا له‌وه‌ی دوای بۆردومانه‌كه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر باڵیۆزخانه‌ی ئێران له دیمه‌شق، باڵیۆزخانه‌كانی ئیسرائیل "چیتر سه‌لامه‌ت نین".
له به‌رامبه‌ردا یۆواف گالانت وه‌زیری به‌رگری ئیسرائیل، رۆژی یه‌كشه‌ممه رایگه‌یاند كه "سوپا ئاماده‌كارییه‌كانی ته‌واوكرد بۆ وه‌ڵامدانه‌وه‌ی هه‌ر سیناریۆیه‌ك كه ره‌نگه له روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئێران رووبدات".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە