لەبارەی جموجۆڵەکانی داعشەوە هۆشداری دەدرێت

لەبارەی جموجۆڵەکانی داعشەوە هۆشداری دەدرێت


پەیامی کورد.... لەبارەی جموجۆڵەکانی داعشەوە هۆشداری دەدرێت

سەرچاوەیەکی باڵای سەربازی لە هەرێم ڕایگەیاند، داعش پێی وایە دۆخی عێراق تێک دەچێت بۆیە خۆی ئامادە دەکات. هاوکات، فەرماندە سەربازییەکانی عێراق دەشڵێن، "داعش مەفرەزەکانی بە ناوچە کێشە لە سەرەکان دا بڵاو کردووەتەوە، داوای لە شانە نووستووەکانیشی کردووە، تا پەیوەندییان پێوە بکەنەوە".

ئەمڕۆ سێشەممە، ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا بڵاوی کردەوە، چاوگێکی باڵای سەربازی هەرێمی کوردستان، کە داوای کرد ناوی بڵاو نەکرێتەوە، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، داعش پێی وایە دۆخی عێراق تێک دەچێت، بۆیە خۆیان بۆ دۆخی نوێی عێراق ئامادە دەکەن.

ماڵپەڕەکە لە زاری محەممەد ڕۆستەم جێگری فەرماندەی میحوەری قەرەتەپە- حەمرین ی پێشمەرگە بڵاوی کردەوە، جموجۆڵی داعش تەواو زیادی کردووە، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقیش بە هۆی بارودۆخی بەغداوە ڕاگیراون.

ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشداوە، بەپێی ئەو زانیارییانەی دەنگی ئەمریکا، لە فەرماندە سەربازییەکانی کەرکووک و دیالە و سەڵاحەدینەوە دەستی کەوتوون، داعش مەفرەزەکانی بە ناوچە کێشە لە سەرەکان دا بڵاو کردووەتەوە، داوای لە شانە نووستووەکانیشی کردووە، تا پەیوەندییان پێوە بکەنەوە.

هاوکات، ماڵپەڕی دەنگی ئەمریکا لە زاری چاوگێکی ئەمنی لە پارێزگای دیالەوە بڵاوی کردووەتەوە، داعش چاوەڕێی بارودۆخی عێراقن، داوایان لە شانە نووستووەکانیان کردووە، پەیوەندییان پێوە بکەنەوە، لە ئێستاشدا سەرقاڵی کۆکردنەوەی پارە و داهاتن بۆ خەرجی چەکدارەکانیان.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە