ئیسرائیل و ئیمارات ڕێککەوتنی گومرگییان واژۆ کرد

ئیسرائیل و ئیمارات ڕێککەوتنی گومرگییان واژۆ کرد



پەیامی کورد... ئیسرائیل و ئیمارات ڕێککەوتنی گومرگییان واژۆ کرد


باڵیۆزی ئیمارات ڕایگەیاندووە کە ئیسرائیل و ئیمارات ڕێککەوتنێکی گومرگییان واژۆ کردووە.

لەمبارەیەوە باڵیۆزی ئیمارات لە تەلئەبیب، محەممەد خاجە لە پەیامێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، ئاشکرایکرد لە قودس لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، ئێلی کۆهین، ڕێککەوتنی هاوکاری گومرگییان واژۆ کردووە.

هەروەها سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بینیامین نەتانیاهو، لە ڕێوڕەسمی واژۆ کردنی ڕێککەوتننامەکەدا ئامادەبووە.

محەممەد خاجە ئاماژەی بەوەکردووە لەگەڵ واژۆ کردنی ڕێککەوتنەکەدا، ڕێککەوتنی بازرگانی ئازاد کە لە نێوان هەر دوو وڵات واژۆ کراوە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، هەروەها چاوەڕێ دەکەن لەڕێگەی ڕێککەوتنەکەوە ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ئیمارات و ئیسرائیل دوو هێندە زیاد بکات، ئاستی ژیان باشتر بێت و نرخەکان دابەزین بەخۆوە ببینن.

لەمبارەیەوە ڕۆژنامەی The Times of Israel کە ناوەندەکەی لە ئیسرائیلە، لە هەواڵێکدا نووسیویەتی: ئەو کارانەی بۆ واژۆ کردنی ڕێککەوتنی گومرگی ئەنجامدراون، کە دوایین و گرنگترین پێکهاتەی ڕێککەوتنی بازرگانی ئازادی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتە، چەندین مانگی خایاندووە و پێویست بووە لایەنەکان بە وردی لە هەموو بەرهەمەکان بکۆڵنەوە و بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە چ کاڵایەک دەگرێتەوە.

ئەوەش ڕاگەیەندراوە ئامانج لە ڕێککەوتنەکە کەمکردنەوە یان هەڵوەشاندنەوەی باجی گومرگییە لەسەر نزیکەی لەسەدا ٩٦ی کاڵا بازرگانییەکانی نێوان هەر دوو وڵات.

بینیامین نەتانیاهو ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو ڕێککەوتنە "دەبێتە هۆی داشکان لە گومرگ و کەمکردنەوەی تێچووی ژیان".

بەپێی هەواڵەکە، چاوەڕوان دەکرێت ڕێککەوتنەکە لە ١ی نیسانەوە بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئیسرائیل و ئیمارات لە مانگی ئایاری ٢٠٢٢دا ڕێککەوتنی بازرگانیی ئازادیان لە دوبەی واژۆ کردبوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە