سەرۆك بارزانی: شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی ئێزدییەكانەوە نییە

سەرۆك بارزانی: شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی ئێزدییەكانەوە نییە

پەیامی کورد … سەرۆك بارزانی: شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی ئێزدییەكانەوە نییە

 

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانى له‌ یادى حه‌وت ساڵه‌ى جینۆسایدى شنگالدا ڕاى ده‌گه‌یه‌نێت: "ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی ئێستا لە شنگالدا هەیە، هەتا سەر نابێت و دەبێ خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان".

 

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 3/8/2021، سه‌رۆك بارزانى له‌ یادى حه‌وت ساڵه‌ى جینۆسایدى شنگال په‌یامێكى بڵاو كرده‌وه‌، و ده‌ڵێت: "شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و ئەوەی تیرۆریستانی داعش حەوت ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا، ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێت. ئێمە باش دەزانین لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران".

 

سه‌رۆك بارزانى هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه‌ داوه‌: "جێگەی داخێكی زۆریشە دوای تێپەڕینی حەوت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا هێشتا ئێش و ئازاری ئێزییدییەكان هەر بەردەوامە و شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزیدییەكانەوە نییە، هەر ئەوانەش ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال".

 

 

ده‌قى په‌یامه‌كه‌ى سه‌رۆك بارزانى:

 

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

 

شنگال برینێكی قووڵە لەسەر جەستەی گەلی كوردستان و، ئەوەی تیرۆریستانی داعش حەفت ساڵ بەر لە ئێستا لە دژی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان ئەنجامیان دا ئازارێكە هەرگیز لە یادی كوردستانیان ناچێت. ئێمە باش دەزانین لە كاتی پەلاماردانی تیرۆریستان بۆ سەر كوردستان، ئێزیدییەكان بە هۆی كوردبوون و بیروباوەڕی ئایینیانەوە كەوتنە بەر شاڵاوی ڕق و بێویژدانیی تاوانبارانی داعش و جینۆساید كران. ئەو تاوانەی داعشیش لە دەڤەری شنگال ئەنجامی دا درێژكراوەی ئەو زنجیرە جینۆساید و كۆمەڵكوژی و تاوانانە بوو كە بە درێژایی مێژوو دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام دراوە.

 

لە حەفتەمین ساڵیادی ئەو كارەساتەدا سڵاو بۆ گیانی شەهیدان و قوربانیانی ئەو تاوانە دەنێرین و، بە ڕێز و شكۆوە یادی ئەو پێشمەرگە قارەمانانە دەكەینەوە كە بۆ ئازادكردنی چیای شنگال و شاری شنگال خوێنیان بەخشی و سەری داعشی دڕندەیان خستە ژێر پێی خوشك و برا ئێزیدییەكانمان و تۆڵەی ئەو ناهەقی و زوڵمەیان لە تیرۆریستان كردەوە.

 

جێگەی داخێكی زۆریشە دوای تێپەڕینی حەفت ساڵ بەسەر ئەو كارەساتەدا هێشتا ئێش و ئازاری ئێزییدییەكان هەر بەردەوامە و، شنگال لە دەستی كۆمەڵێك هێز و چەكدارە كە هیچ پەیوەندییان بە بەرژەوەندیی شنگال و ئێزیدییەكانەوە نییە. هەر ئەوانەش ڕێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵك و ئاوەدانكردنەوەی شنگال. لێرەدا بۆ خوشك و برایانی ئێزیدی ئەوە دووپات دەكەمەوە كە بە هەموو توانایەك لەگەڵ داخواز و ئازارەكانیان دام. داواشیان لێ دەكەم لە ناوخۆیان یەكڕیز بن و ئومێدیان هەبێت و دڵنیاشیان دەكەمەوە هەر شتێك لەسەر بنەمای زوڵم و خۆسەپاندن بێت دواجار هەر كۆتایی دێت و، ئەو دۆخە نائاسایی و نایاساییەی ئێستا لە شنگالدا هەیە هەتا سەر نابێت و دەبێ خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بە سەربەرزی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.

 

مسعود بارزانی

٣ـی ئابی ٢٠٢١

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە