پەیامی کورد ... سعودیا و قەتەر ڕێککەوتن
وەزیری دەرەوەی كوەیت ڕایگەیاند، قەتەڕ و سعودیا ڕێككەوتن لە شەوی دووشەممەوە دووبارە سنوورە ئاسمانی، دەریایی و وشكانییەكانیان بە ڕووی یەكدیدا بكەنەوە.
ئەحمەد ناسڕ، وەزیری دەرەوەی كوەیت ڕایگەیاند، شێخ نەواف سەباح، میری وڵاتەكەی بە تەلەفۆن بە جیا لەگەڵ هەر یەكە لە شێخ تەمیم بن حەمەد، میری قەتەڕ و محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە گفتوگۆی كردووە، ئەوەش لەپێناو ئامادەكردنی ڕاگەیەنراوی لووتكەی پێكەوەكاركردنی كەنداو كە سبەینێ بەڕێوەدەچێت.
ئەو لێپرسراوە كوەیتییە باسی لەوەش كرد، لێپرسراوانی قەتەڕ و سعودیا لەسەر ئەوە ڕێككەوتوون كە گفتوگۆ لەسەر هەموو ناكۆكییەكانیان بكەن.
ڕۆژی سێشەممە لووتكەی ٤١ هەمینی ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو لە باكووری ڕۆژئاوای سعودیە بەڕێوەدەچێت و شێخ تەمیم بن حەمەدی میری قەتەڕیش بانگهێشتكراوە.
هاوكات محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە ڕایگەیاند، وڵاتەكەی دەیەوێت بەرژەوندیی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی هاریكاری كەنداو بخاتە پێش هەموو شتێك.
جێی ئاماژەیە، زیاتر لە سێ ساڵە ڕیاز سنوورە ئاوی و وشكانییەكانی لەگەڵ قەتەڕ داخستووە و سەرۆكایەتیی هاوپەیمانێتییەكی دەكرد بۆ پەراوێزخستنی دەوحە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە