پەیامی کورد … 772 كەس لە عیراق خۆیان كوشتووە
وەزارەتی ناوخۆی عیراق ئاشكرای كرد، لەمساڵدا 772 حاڵەتی خۆكوژی تۆمار كراوە و لەچاو ساڵی رابردودا زیاتر لە 100 حاڵەت زیادیان كردووە.
خالید میحنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا وتویەتی، لە ساڵی 2021دا ژمارەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن 772 حاڵەت بوون، ئەوەش لەكاتێكدایە ساڵی پێشتر 663 حاڵەت تۆمار كراون، واتا زیاتر لە 100 حاڵەتی خۆكوژی زیادیان كردووە.
باسی لەوەش كردووە، حاڵەتەكانی خۆكوشتن لە عیراق لە ساڵی 2016ەوە دەستیان بە زیادكردن كرد كە لەو ساڵەدا 393 حاڵەت تۆمار كران، دواتر لە 2017 بووە 462 و لە 2018شدا 530 حاڵەت تۆمار كران، هەروەها لە ساڵی 2019 گەیشتنە 605 حاڵەت.
وتەبێژەكەی وەزارەتی ناوخۆی عیراق هێمای بۆ ئەوەش كردووە، 36.6%ی حاڵەتەكان ئەو كەسانەن تەمەنیان لە 20 ساڵ كەمترە، ئەوانەشی لە 20 تاوەكو 30 ساڵیدا 32.2%ن، هەروەها 55.9%ی حاڵەتەكان رەگەزی نێرن و 44.8%یان مێن، هەروەها 40%ی حاڵەتەكان ئەوانەن كە هاوسەرگیریان كردووە و 55%ی سینگڵەكانن.
سەبارەت بە هۆكارەكانی خۆكوشتن وتویەتی، پەستانی دەروونی، كێشەی دەروونی، هەڵوەشانەوەی خێزان، توندوتیژی خێزانی و بارودۆخی ئابوریی لە دیارترین هۆكارەكانن، هەروەها هەژاریی، بێكاری، هۆكاری خوێندن، بەدینەهێنانی خواستەكان، شكست لە پرۆسەی خوێندن لە هۆكارەكانی ترن.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە