لە بانە پەردە لەسەر دوو کۆمەڵە شیعر و ڕۆمانێک لا درا

بەرواری بڵاوکردنەوە :
لە بانە پەردە لەسەر دوو کۆمەڵە شیعر و ڕۆمانێک لا درا

پەیامی کورد ... لە بانە پەردە لەسەر دوو کۆمەڵە شیعر و ڕۆمانێک لا درا

لە ڕێوڕەسمێکدا دوو کۆمەڵە شیعر لە نووسینی "جەمیلە چووپانی" ناسراو بە "ڕوانا" و ڕۆمانێک بە زمانی کوردی لە نووسینی "سۆران حوسێنی" لە شاری بانە سەر بە پارێزگای سنە پەردەیان لەسەر لا درا.

دوو کۆمەڵە شیعری "چووپانی" بە ناوەکانی "ئەترسم؛ پاکیزەیەک بمرم لە باوەشتا" و "ئەبمە گوڵی تاریکان و ناوی خۆم ئەنێم؛ بێ تۆیی"، هەروەها ڕۆمانی "سۆران حوسێنی" بە ناوی "ڕیوالی"، لەو ڕێوڕەسمەدا پەردەیان لەسەر لا درا.

هەروەها لەو ڕێوڕەسمەدا ٢٣٠ کەس لە فێرخوازانی زمانی کوردی کە لە پێنج بنکەی فێرکاریی بە ناوەکانی "نۆژین، هاژە، بەڕۆژە، کانی و سۆما"ی شاری بانە، خولی سەرەتایی ڕێنووسی کوردییان سەرکەوتووانە تێپەڕاندبوو، بڕوانامەیان پێ بەخشرا.

"سۆران حوسێنی" شاعیر و نووسەری شاری بانە کتێبانێکی زۆری لە بواری شیعر، بە زمانی کوردی نووسیوە، هەروەها لە بواری وەرگێڕان لە زمانی فارسییەوە بۆ کوردی چالاکیی هەیە.

هەروەها "جەمیلە چووپانی" شاعیر و خەڵکی شاری دیواندەرەیە. ناوبراو خاوەنی دوو بەرهەمە شیعری دیکە بە ناوەکانی "غوربەت؛ وڵاتێکی سەرگەردانە و شێت" و "سەرخۆشترین دیکتاتۆر"ە کە لە ساڵەکانی ١٣٩٤ و ٩٨ چاپ و بڵاو کراونەتەوە.

لەو ڕێوڕەسمەدا بەشێک لە چالاکانی ژینگەیی شاری بانە پشتیوانیی خۆیان لە دارستانەکانی داربەڕوو بە سێ زمانی "کوردی، فارسی و ئینگلیزی" ڕاگەیاند.

ئەو ڕێوڕەسمە بە بەشداریی پڕ شکۆی "شاعیران، نووسەران، چالاکانی فەرهەنگی و ژینگەیی" لە هۆڵی "ئاربابا"ی ئەو شارە بەڕێوە چوو.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە