پەیامی کورد ... لە بەندیخانەیەکی ئێران دایکێکی کورد دوای لەسێدارەدانی دوو کوڕی جەلتە لێی دا و مرد
دایکێکی خەڵکی ڕامهورمز سەر بە پارێزگای خوزستان دوای جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دوو کورەکەی جەڵتە لێیداوە و گیانی لە دەست داوە و دوای ئەوەش ئاڵۆزی لەنێوان خەڵک و هێزە ئەمنیەکان دروست بووە و چەند کەس بریندار بوون و چەندین کەسی دیکەش دەستبەسەر کراون.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی سێشەممە ١٩ی ئۆکتۆبری ٢٠٢١، سزای سێدارەی دوو برای خەڵکی ڕامهورمز بە ناوەکانی عەلی محەمەد محەمەدی تەمەن ٤٥ ساڵ و ئیسلام محەمەدی تەمەن ٣٨ ساڵ کە دوو برای لوڕ یەکێک لە هۆزەکانی کورد بوون لە بەندیخانەی سپیداری شاری ئەهواز، ناوەندی پارێزگای خوزستان جێبەجێ کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: ”دوای جێبەجێ کرانی سزای سێدارەی ئەم دوو برایە دایکیان لەپێش بەندیخانە جەڵتە لێی داوە و دوای گواستنەوە بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گیانی لە دەست داوە“.
ئەم دوو برایە لەگەڵ دەیان هاووڵاتیی دیکە ڕێکەوتی ٨ی جۆزەردانی ١٣٩٤ی هەتاو لە گوندی ”پەتک جەلالی: ڕامهورمز و لە تێکهەڵچوونی نێوان دوو هۆزی محەمەدی و محەمەد موسایی دەستبەسەر کراون کە لە ئەنجامی ئەو ئاڵۆزیانەدا لانیکەم ٢٣ کەس کوژران.
یەکێک لە دانیشتوانی ئەم گوندە بە ناردنی ڤیدیۆیەکی ئەو تێلکهەڵچوونەی ٧ ساڵ پێش بۆ هەنگاو وتی: ”هێزە ئەمنییەکان بە تەقەی راستەوخۆ خەڵکێکی زۆریان کوشتووە و ئێستا بە لەسێدارەدانی چەند هاووڵاتی دەیانهەوێ خۆیان لەو تاوانە بێبەری بکەن“.
هەنگاو زانیویەتی کە عەلی ڕەزا قاسمی نژاد داواکاری گشتیی ڕامهورمز فەرمانی ڕاستەوخۆی داوە بۆ جێبەجێ کرانی ئەم سزایە و بڕیارە ٨ کەس لەسێدارە بدرێن.
دوای جێبەجێکرانی سزای سێدارەی ئەم دوو برایە تێکهەڵچوون لەنێوان هێزە ئەمنییەکان و خەڵک هاتووەتە ئاراوە و لانیکەم ٥ کەس بریندار بوون و دەیان کەسی دیکەش دەستبەسەر کراون. ئینتەرنێتی ڕامهۆرمز لەئێستا پچڕاوە و شار بەتەواوەتی میلیتاریزە کراوە.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە