شەوی ڕابردوو تەقە لە بارەگای لقی 12ی پارتی لە هەڵەبجە کرا و بەرپرسێکی پارتی دیموکراتی کوردستانیش دەڵێ، ھەڕەشەی کوشتن و ئەشکەنجەدان لە بریکارەکانی پارتی کراوە لە زۆربەی بنکەکانی دەنگدان تا دان بە ئەنجامی ھەڵبژارنی پڕ ساختەکاریدا بنێن.
نوورەدین بەشارەتی، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە هەڵەبجە، ڕاگەیاند: "دوای ئەو ساختەکارییە بێوێنەیەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە کرا، شەوی ڕابردوو لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە تەقە لە بارەگای لقی 12ی پارتیمان لە شاری ھەڵەبجە کراوە و خۆشبەختانە جگە لە زیانی ماددی ھیچ زیانێکی گیانی نەبووە، تەقەکردن لە بارەگاکانمان بۆ جاری یەکەم نییە و ھۆکارەکەیشی بۆ سەرکەوتنی پارتی دەگەڕێتەوە لە ھەڵبژاردنی ڕۆژی شەممەدا."
بەشارەتی راشیگەیاند: "ھەر شەوی ڕابردوو لە زۆربەی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدان ھەڕەشەی لێدان و کوشتن لە بریکارەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان کراون، تا ناچار بکرێن ددان بەو ئەنجامە نالۆژیکی و پڕساختەیەدا بنێن، کە خراوەتە ڕوو، بەڵام پارتی جەماوەرەکەی دڵنیا دەکاتەوە ھەڵوێستی ڕوون و ڕاشکاوە لە بەرامبەر ئەو پیلانەی دوێنێ دانرا بوو، چونکە ئەوەی دوێنێ ڕووی داوە لە هەڵەبجە بۆ هەموولایەک روونە، بۆ نموونە لە چەندین بنکە دەنگەکانی پارتی وەک یەکن، ئاشکرایە بەو شێوەیە بە دەست دانراون".
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە