پەیامی کورد … لە تورکیاوە 100 مێگاوات کارەبا ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت
بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کەمی کارەبای نیشتمانیی ھەرێمی کوردستان لەم هەفتەیەدا 100 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە ھاوردەی پارێزگای دھۆک دەکرێت و بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دھۆکیش دەڵێت، ئەو 100 مێگاواتە بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستانە و تێکەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەکرێت.
شاکر مەحموود، بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی ڕاگەیاندوە: "خەریکی کارکردنین لە کاراکردنی ھێڵی 132 کەیڤی لە وێستگەی کواشێ بۆ زاخۆ، بەوەش کارەبا لە تورکیاوە ھاوردەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت و 100 مێگاوات کارەبا لە تورکیاوە دەگەیەندرێتە وێستگەی دوبانێی قەزای سێمێل و بەوەش ڕێژەی ئەو کارەبایەی لە تورکیاوە ھاوردە دەکرێت دەگاتە سەرووی 200 مێگاوات."
بەڕێوەبەری گشتیی کارەبای دھۆک وتیشی: "ئەو 100 مێگاوات کارەبایە دوای گەیشتنی بە ھەرێمی کوردستان تێکەڵ بە تۆڕی نیشتمانی دەکرێت و بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستان دەبێت."
شاکر مەحموود ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "زیادکردنی ئەو 100 مێگاوات کارەبایە کاریگەریی لەسەر باشتربوونی ڕەوشی کارەبای نیشتمانیی ھەرێمی کوردستان دەبێت و پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیەدا ئەو بڕە کارەبایە بگاتە ھەرێمی کوردستان و تێکەڵی تۆڕی نیشتمانی بکرێت."
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە