لە زیندانی ناسریەی عێراق ٦ کەس لەسێدارە دراون

لە زیندانی ناسریەی عێراق ٦ کەس لەسێدارە دراون

پەیامی کورد … لە زیندانی ناسریەی عێراق ٦ کەس لەسێدارە دراون

شەش کەس لەو عێراقیانەی سزای مەرگ سەپێندرابوو بەسەریاندا و سیانیان بە تاوانی تێرۆریزم گوناهبار کرابوون، لە زیندانێکی باشوری عێراقدا لەسێدارە دراون.

سەرچاوەیەکی تەندروستی بە ئاژانسی دەنگوباسی فڕانس پرێسی ڕاگەیاندووە: ئەو سزایانە لە زیندانی ناسریە جێبەجێکراون، کە بەشێکی ئەو زیندانە تایبەتە بەوانەی سزای مردنیان لەسەرە ،ئەو 3 کەسەیتریش کە لە سێدارە دراون، تاوانی دیكەیان ئەنجامداوە.

لای خۆیەوە ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ دەڵێت لە ساڵی پاردا سزای لەسێدارەدان بەسەر 45 کەس لە عێراقدا جێبەجێکراوە و زۆربەشیان بە تاوانی ئەندامێتی لە داعشدا گوناهبار کراون.

بەپێی یاسایەکی لە ساڵی 2005دا پەسەند کراوە، سزای مردن دەسەپێندرێت بەسەر هەر کەسێکدا بە "تێرۆریزم" گوناهبار بکرێت، تەنانەت ئەگەر تاوانێکیشی نەکردبێت و تەنها ئەندامی ڕێکخراوێکی تێرۆریستی بێت ئەو سزایەی لەسەر جێبەجێدەکرێت.

لای خۆیانەوە ڕێکخراوەکانی كە داکۆکی لە مافەکان دەکەن، ئاگاهیدەدەن سزای مردن بۆ مەبەستی سیاسیش بەکارهاتووە لە عێراقدا.

لەساڵی 2017وە کە سەرکەوتن بەسەر داعشدا ڕاگەیەندراوە، لە دادگاکانی عێراقدا سزای لەسێدارەدان دراوە بەسەر سەدان کەسدا لەو جیهادییانەی لەسەروەختی دامەزراندنی دەوڵەتی خەلافەتدا لە ساڵی 2014دا تاوانیان کردووە.

تەنها ژمارەیەکی کەمی ئەو سزایانە جێبەجێکراون، دەبێت سەرۆکی عێراق ئەو سزایانە پەسەند بکات ئەوجا جێبەجێدەکرێن ،بەرهەم ساڵح، لە ساڵی 2018وە سەرۆکی کۆماری عێراقە، وەها ناسراوە کە دژی سزای لەسێدارەدانە.

هاوكات بەپێی ئامارەکان كە لای فڕانس پرێس هەن، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا 14 کەس لە عێراق لەسێدارە دراون و هەر هەمووشیان لە زیندانەکەی ناسریە سزاکانیان لەسەر جێبەجێکراوە.

لە سەرەتای ئەم مانگەدا، ئەو کەسەی بە ڕۆژی ڕوناک گەورە کاربەدەستێکی عێراقی کوشت لە شاری کەربەلا، سزای مردنی بەسەردا سەپێنرا، لە نێوەندی ئەو شەپۆلی بێزاری و ناڕەزاییەی لەسەر شکستی حکومەتی وڵاتەکە هەیە بۆ ڕاگرتنی ئەو زنجیرە کوشتنانەی لە عێراقدا هەیە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە