پەیامی کورد... لە دانیشتنی کردنەوەی خولی پاییزەدا خوێندنەوە بۆ دوو پرۆژەیاسا کرا
لە دانیشتنی کردنەوەی خولی پاییزەی خۆیدا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ دوو پرۆژەیاسای تایبەت بە کار و هەمواری یاسای ئەنجوومەنی شوورا کرد.
کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتیی ڕێواز فایق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان و منی نبی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان دانیشتنی ژمارە (1) ی ئاسایی خولی پاییزەی ساڵی چوارەم لە خولی پێنجەمی هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەچوو.
سەرۆکی پەرلەمان لە وتاری کردنەوەی خولی پاییزەدا ڕایگەیاند، دەستپێکی وەرزی پاییزەی ساڵی چوارەم لە کاتێکدا ڕادەگەیەنین کە عێراقی فیدراڵ بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕێت و هێشتا لە چاوەڕوانیی ئەگەری نەخوازراو و بەدەر لە حوکمی عەقڵ و لۆژیکدایە و نەگرتنەبەری بژاردەی گفتوگۆ وەک میکانیزمی عەقڵانی گەیشتن بە چارەسەری کێشەکان لە ڕێگەی دیالۆگی بنیاتنەرانە، بووەتە هۆکاری لێکترازان و جۆرێک لە ناسەقامگیری سیاسی، کۆمەڵایەتی، دەروونی، ئابووری و ئەمنی ئەوتۆ کە پێشبینیکردنی ئاکامەکانی هەروا ئاسان نییە و وڵاتەکە بە ئاقاری چارەنووسێکی نادیاردا هەنگاو دەنێت.
وتیشی، «لەم نێوەندەدا و لەو ڕوانگەیەی هەرێمی کوردستان بەشێکە لەو دەوڵەتە فیدڕاڵییەی کە لە هەموو ڕوویەکەوە دۆخی مەترسیدارە و ناکرێت پێمانوابێت پریشکی بەر ئێمەش ناکەوێت».
داواشی لە هێز و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکان کرد کە گوتاریان یەکبخەن و ڕیزەکانیان تۆکمە بکەن بۆئەوەی بە حیکمەتەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخی نوێی عێراق بکرێت.
پاشان سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، وتەیان پێشکەشکرد و تیایدا جەختییان لەسەر کاری پێکەوەیی و پێویستیی نووسینەوەی دەستووری هەرێمی کوردستان و ناردنی پرۆژەیاسای بودجە لەلایەن حکومەتەوە بۆ پەرلەمان کردەوە و پاڵپشتیی خۆشیان بۆ هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێم لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی دەربڕی، وەک ئەوەی لە ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە.
هەر لە وتەکانیاندا سەرۆک فراکسیۆنەکانی پەرلەمان، باسیان لە کێشە و ئالنگارییەکانی بەردەم پرۆسەی هەڵبژاردنەکان و بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان کرد و جەختییان لەسەر یەکڕیزی و تەبایی و یەکدەنگیی نێوان حزب و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان.
ئاماژەشیان بەپێویستیی دامەزراندن و بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و وانەبێژان و دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگەکان و ڕێکخستنەوەی باج و ڕسومات و کەمکردنەوەی ڕۆتین و پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و گێڕانەوەی مووچە پاشەکەوتکراوەکان و ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە و ناوخۆ کرد و تیشکیان خستەسەر کێشەکانی هاوڵاتییان و کەمیی خزمەتگوزارییە گشتییەکانی وەک کارەبا و ئاو و ڕێگەوبان و گرانیی نرخی سووتەمەنی و کاڵا و کەلوپەل لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.
هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!
لێدوانی خۆت بنووسە