ئاماری شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی ڕۆژهەڵات بڵاو کرایەوە

ئاماری شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی ڕۆژهەڵات بڵاو کرایەوە

پەیامی کورد … ئاماری شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ساڵی ٢٠٢٠ی ڕۆژهەڵات بڵاو کرایەوە

 

بە پشتبەستن بە ئاماری تۆمارکراو لە ناوەندی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا، لانیکەم ٢٣ تێکهەڵچوون لە کوردستان ڕووی داوە کە ١٠ حاڵەت کەمتر بووە لە ساڵی ڕابردوو.

 

لە ئەنجامی ئەو تێکهەڵچوونانەدا ١٧ ئەندامی سپای پاسداران، هێزی ئینتزامی و ئەندامی بەسیجی ئێران کوژراون و لە بەرانبەردا ١١ ئەندامی حیزبە کوردستانییەکان و ئەندامێکی ڕێکخستنی ئەو حیزبانە گیانیان لە دەست داوە.

 

هەروەها گریلایەکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لەلایەن هێزەکانی ئێرانەوە بە دیل گیراون .

 

زیاترین تێکهەڵچوون لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە کە لە کۆی ئەو ٢٣ تێکهەڵچوونە ١٣ حاڵەتی لە پارێزگای سنە ڕووی داوە. لە پارێزگای ئورمیەش ١٠ حاڵەتی تێکهەڵچوون تۆمار کراوە

 

لە کۆی ئەو تێکهەڵچوونانە پژاک و پ ک ک  بەرپرسیارێتی ١٠ تێکهەڵچوونیان بە ئەستۆ گرتووە، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و گرووپەکانی نزیک لەو حیزبە (هەڵۆکانی زاگرۆس) ٦ تێکهەڵچوونیان ئەنجام داوە.

 

هیچ حیزب و لایەنێک بەرپرسیارێتی ٧ تێکهەڵچوونی دیکەی بە ئەستۆ نەگرتووە. بەڵام بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی هەنگاو ئەو ٧ تێکهەڵچوونە کە هەمووی لە ماڵپەڕی هەنگاو بڵاو کراوەتەوە لەلایەن هێزەکانی نزیک لە پژاک و حدکا ئەنجام دراون.

 

 

 

بە پشتبەستن بەم ڕاپۆرتەو، لە ئەنجامی ئەو ٢٣ تێکهەڵچوونەدا ١١ گریلای پژاک و پ ک ک و ئەندامی نهێنی پژاک گیانیان لە دەست داوە. میدیاکانی نزیک لە پ ک ک و پژاک لەو ١٢ کەسە تەنیا ناسنامەی پێنج کەسیان بڵاو کردووەتەوە.

هەروەها، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا لانیکەم ١٠ گریلای پژاک لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای سلێمانی هەرێمی کوردسان بە هۆی بوردمانی فڕۆکە شەڕکەرەکانی تورکیاوە گیانیان لە دەست داوە.

 

لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا هێزەکانی سپای پاسداران ١٦ جار بەرزاییەکانی کوردستانیان تۆپباران کرد و دوو ژاریش بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بنکەکانی حیزبەکانی ئۆپۆزێسیۆنی حکوومەتیان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج.

 

لە ئەنجامی ئەو تۆپبارانانە هاووڵاتییەکی مەدەنی لە دیواندەرە بریندار بووە.

 

هەروەها، لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠ دا، ١٥ گریلای خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و حیزبەکانی نزیک لەو حیزبە، لە باکوور، باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لە دەست داوە.

 

پارتی کرێکارانی کوردستان گیان لە دەست دانی ئەو ١٥ گریلایە بە فەرمی لە میدیاکانی خۆی بڵاو کردووەتەوە.

لێدوانەکان (0)

هێشتا لێدوان نییە. یەکەمین لێدوان بنووسە!

لێدوانی خۆت بنووسە